رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی لە رۆژی رابردوودا بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە زۆر ناجێگیر بوو.
لە لایەکەوە تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانی لەنێوان ئەمریکا و چین دەتوانێت خواست بۆ نەوت کەم بکاتەوە، بەڵام ئەگەری تووندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەبێتە هۆکار بۆ نەمانی نەوتی ئێران لە بازاڕدا و پاڵپشتیی بۆ نرخی نەوت دروست کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-02-2025 نرخی نەوتی برێنت 18 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 19 سەنت دابەزی و بە 72 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوای ئەوەی چین رایگەیاند، لە وەڵامی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا، پێناسی گومرکی دەسەپێنێت بەسەر نەوت، گازی شل و خەڵووزی ئەمریکا، نرخی نەوتی سووکی تەکساس رۆژی سێشەممە بە رێژەی 3% بەهای خۆی لەدەستدا.
بەڵام نرخەکانی نەوت دووبارە بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ گەڕانەوەی سیاسەتی زیاترین گوشاری لەسەر ئێران راگەیاند.
ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی بەهۆی ئەو سیاسەتەوە، هەناردەی نەوتی ئێرانی گەیاندە سفر.
شرۆڤەکارانی بانکی ئەی ئێن زێد، لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "سیاسەتی بەرزترین ئاستی گوشار لەسەر ئێران دەتوانێت بە کردەیی رۆژانە 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە بازاڕدا نەهێڵێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ