رووداو دیجیتاڵ
دوای بەرزبوونەوە بەرچاوەکەی دوێنێ، ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زیو 26 سەنت دابەزی و بە 80.87 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. کیلۆیەک زیویش لە بازاڕەکانی جیهان بە 2,599 دۆلارە.
ئێوارەی دوێنێ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتبووە 82.60 دۆلار. دوو رۆژی لەسەریەکیش بوو نرخەکەی لە بەرزبوونەوە بوو. بە ئەگەری زۆرەوە دابەزینەکەی ئەمڕۆش خۆڕاستکردنەوەیە.
بڵاوبوونەوەی داتاکانی کەرتی پیشەسازیی ئەمریکا کە کەمتر بوون لە ئاستی چاوەڕوانییەکان، بووەتە هۆی لاوازبوونی دۆلار.
کەمبوونەوەی پێنوێنیی کڕینی خزمەتگوزارییەکان لە ئەمریکا لە مانگی رابردوودا، هۆکارێکی بەرزبوونەوەی دوێنێی نرخی زیو و خۆڕاستکردنەوەکەی ئەمڕۆیە، بەم پێیەی هانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەدات بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی.
هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو، هێرشەکەی ئەمریکایە بۆ سەر ڤەنزوێلا.
نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە نزیکەی 79 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیەش بۆ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا و دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە.
دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە لایەن ئەمریکاوە، شڵەژانێکی گەورەی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروستکرد. ئەم ناسەقامگیرییە جیۆسیاسییە وایکردووە وەبەرهێنەران روو لە کڕینی کانزا گرانبەهاکان بکەن وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ سەرمایەکانیان.
بەپێی چەند راپۆرتێکیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی سەربازیی دووەمی کردووە ئەگەر دێڵسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، مەرج و داواکارییەکانی واشنتۆن جێبەجێ نەکات.
هاوکات کەمیی خستنەڕووی زیو لە بازاڕەکاندا و زیادبوونی خواست لەسەر زیو بۆ بەکارهێنانی لە پیشەسازییە تەکنەلۆژییەکان و وەبەرهێنانی دارایی، پاڵنەرێکی بەهێزن بۆ ئەوەی نرخی ئەم کانزایە بەرەو ئاستی مێژوویی نوێ هەنگاو بنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە چاوی وەبەرهێنەران لەسەر زنجیرەیەک راپۆرتی هەلی کارە لە ئەمریکا کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بڵاوبکرێنەوە، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئاڕاستەی داهاتووی نرخەکان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ