پلاتینیۆم ئەمڕۆ 2450 دۆلاری تێپەڕاند

دوێنێ کاژێر 06:59
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی پلاتینیۆم بە رێژەیەکی بەرچاو خۆی راستکردەوە و 70 دۆلار دابەزی؛ ئێستا ئۆنسەیەکی بە 2350 دۆلارە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک پلاتینیۆم ئاستی 2450 دۆلاریشی تۆمارکرد، بەڵام دواتر بۆ خوار ئەو ئاستە دابەزی.
 
لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی هەر ئۆنسەیەک پلاتینیۆم زیاتر لە 300 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
ئێستا نرخی پلاتینیۆم لە نزیک بەرزترین ئاستی مێژووییدایە. پێشتر لە 26ـی مانگی رابردوو پلاتینیۆم ئاستی 2500 دۆلاری تێپەڕاندبوو.
 
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای تێکچوونی دۆخی سیاسیی ڤەنزوێلا و زیادبوونی خواستی وەبەرهێنەران بۆ کانزا بەنرخەکان دێت، کە وایکردووە مەترسییە جیۆسیاسییەکام زیاد بکەن و وەبەرهێنەران پلاتینیۆم  وەک "پەناگەیەکی ئارام" بەکاربهێنن.
 
پێشبینییەکانی بەردەوامیی کەمکردنەوەی رێژەی سوودیش لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە ئەم ساڵدا، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی پلاتینیۆمە.
 
پلاتینیۆم ساڵی 2025ـی بە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کۆتاییپێهێنا، بەجۆرێک نرخەکەی بە رێژەی 124% بەرزبووەوە.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەکە، کەمبوونەوەی بڕی پلاتینیۆمە لە بازاڕەکاندا. وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرەکی، بەتایبەتی ئەفریقای باشوور، بەدەست کەمیی وەبەرهێنان و گرفتە تەکنیکییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە بازاڕ بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک رووبەڕووی کورتهێنان ببێتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، خواستی پیشەسازی لەسەر پلاتینیۆم بە بەهێزی ماوەتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی دروستکردنی ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن. 
 
ئەم خواستە دوای ئەوە زیاتر بوو یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریدا پێداچوونەوە بە بڕیاری قەدەخەکردنی ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییەکان بۆ ساڵی 2035 بکات و کاتەکەی درێژ بکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە