زێڕ بۆ خوار 4500 دۆلار دابەزی

دوێنێ کاژێر 07:29
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو رۆژ لە تۆمارکردنی ئاستی پێوانەیی، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا 25 دۆلار دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 4475 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتبووە ئاستی 4500 دۆلار. 
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 793 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 925 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 970 هەزار دینارە.
 
ئەمە نرخی ئێوارەی دوێنێیە؛ ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 4462 دۆلار بوو.
 
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت وەبەرهێنەران بۆ ماوەیەکی کاتی سەرنجیان لەسەر گرژییە جیۆسیاسییەکان دوورخستەوە و سەرنجیان خستە سەر داتاکانی ئابووریی ئەمریکا، بەتایبەتی راپۆرتی هەلی کار بۆ مانگی کانوونی یەکەم کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوبکرێتەوە. 
 
هاوکات فرۆشی کەرتی پیشەسازیش بۆ مانگی رابردوو دابەزیوە.
 
ئەم داتایانە ئاڕاستەی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رووندەکەنەوە، بەتایبەتی کە بڕیارە 28ـی ئەم مانگە، بانکەکە بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوود رابگەیێنێت.
 
نیڵ کاشکاری، ئەندامی لیژنەی بازاڕی ئازاد لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری دەبێتە هۆی زیادکردنی ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی. ئێستاش بازاڕەکان پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ دوو جار رێژەی سوود کەم بکرێتەوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی کانزا گرانبەهاکان دەبێت.
 
سەرەڕای دابەزینی نرخەکەی، بەڵام هێشتا زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام ماوەتەوە، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسی لە چەندین ناوچەی جیهان. 
 
دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، واشنتۆن دەتوانێت سەرپەرشتی حکومەتی ڤەنزوێلا بکات و هەڕەشەی کرد ئەگەر سەرکردایەتی کاتیی ئەو وڵاتە هاوکار نەبن، هێرشی سەربازیی زیاتر ئەنجام دەدەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە ترەمپ بژاردەی "هێرشی سەربازیی" بۆ سەر "گرینلاند" بەدوور نەزانیوە. هاوکات گرژییەکانی نێوان چین و ژاپۆنیش روویان لە زیادبوون کردووە، دوای ئەوەی پەکین بڕیاریدا بە سنووردارکردنی هەناردەکردنی ئەو کەرەستانەی کە ئەگەری هەیە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێندرێن.
 
شارەزایانی بازاڕ پێیان وایە، هەرچەندە زێڕ کەمێک دابەزیوە، بەڵام ناسەقامگیریی دۆخی جیهان و هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا، وادەکەن زێڕ لە هەر ساتێکدا ئامادە بێت بۆ بەرزبوونەوەی زیاتر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە