رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت نزیکە لە سنووری 100 دۆلار و ئێرانیش هۆشداری دەدات دۆخەکە وا بەردەوام بێ، نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە 200 دۆلار.
یەکەم جارە نرخی نەوت لە 4 ساڵی رابردوو بگاتە ئەو ئاستە، هۆکارەکەشی ئەم جەنگە و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەستەمی و زەحمەتی تێپەڕینی کەشتییەکان بە کەنداو و گەرووی هورمز، وایکردووە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکات.
بازرگانانی نەوت هۆشداری دەدەن نەوت رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی مێژوو دەبێتەوە، هۆکارەکەشی هێرشی سەر کەشتییە نەوتییەکانە لە گەرووی هورمز، چونکە یەک لەسەر چواری نەوتی خاوی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.
سعودیە، ئیمارات، عێراق، کوێت و ئێران یان بەرهەمیان کەمکردووەتەوە یان بەتەواوی رایانگرتووە. هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانی وزە لە وڵاتاندا هەڕەشەیەکی دیکەی دروستکردووە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت.
ئەو ئاستەنگەی وزە رێک دوای چوار ساڵ لە هێرشی رووسیایە بۆ سەر ئۆکراینا کە ئەوکاتیش قەیرانێکی وزەی دروستکرد، هەفتەی رابردوو، نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکی گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی لە مێژوودا تۆمارکرد و بە رێژەی 36% بەرزبووەوە بۆ 90.90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا نەوتی برێنت گەیشتە 92.69 دۆلار. لە سەرەتای کانوونی دووەمدا، هەردوو جۆرەکەی برێنت و تەکساس لە دەوروبەری 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەیان پێوە دەکرا.
'دەرچەی دیپلۆماسی نییە و نرخی نەوت بە زوویی دەگاتە 100 دۆلار'
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بەرزبوونەوەکە خێراتر بوو؛ رۆژی هەینی برێنت 8.5% بەرزبووەوە، بازرگانانیش زیاتر گرەو لەسەر داخستنی درێژخایەنی گەرووی هورمز دەکەن، کە خاڵێکی ستراتیجییە و بە شێوەیەکی ئاسایی لانیکەم پێنجیەکی پێداویستییەکانی نەوت و گازی سرووشتیی شلی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت.
رێچارد بڕۆنز، سەرۆکی بەشی جیۆپۆلیتیک لە دامەزراوەی راوێژکاریی "ئینێرجی ئەسپێکتس" رایگەیاند: "مەگەر بارودۆخەکە بە خێرایی باش بێت، دەنا پێشبینی دەکەم سەرەتای هەفتەی داهاتوو نرخی برێنت بگاتە ژمارەیەکی سێخانەیی (سەروو 100 دۆلار)."
ئەو شارەزایە دەشڵێت: "هیچ ئاماژەیەک بۆ دەرچەیەکی دیپلۆماسی نابینرێت، لە کاتێکدا بەرهەمهێنەرانی زیاتری کەنداو کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان رادەگەیێنن، زۆربەی نەوتهەڵگرەکانیش هێشتا نایانەوێت سەرکێشی بکەن و بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن و ژێرخانی وزەی زیاتریش دەکرێتە ئامانج."
گۆڵدمان ساکس کە یەکێکە لە بانکە هەرە کاریگەرەکان لە بازاڕی کاڵاکاندا، درەنگی رۆژی هەینی رایگەیاند ئەگەر جووڵەی گەرووی هورمز لە تەواوی مانگی ئاداردا بەو شێوەیە کەم بمێنێتەوە، رەنگە نرخی نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵێوراوەکانی وەکو بەنزین و گازوایل بگەنە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆیان.
رۆژی شەممە، بۆ یەکەم جار، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە کرانە ئامانج. شانشینەکە رایگەیاند 21 درۆنیان تێکشکاندووە کە کێڵگەی نەوتی "شەیبە"یان کردبووە ئامانج (کە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت)، هاوکات کێڵگەی "بەری"یش هێرشی کرایە سەر.
کۆمپانیای "کایرۆس" کە مانگی دەستکرد بۆ چاودێریکردنی ژێرخانی نەوت بەکاردەهێنێت، رایگەیاند، نوێترین وێنەکانیان دەریدەخەن سعودیە بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی پڕبوونی کۆگاکانی نەوت دوابخات.
کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، بە خێرایی هەوڵدەدات رێڕەوی گواستنەوەی نەوتەکەی لە کەنداوەوە بگۆڕێت بۆ دەریای سوور، ئەویش لەڕێگەی هێڵی بۆریی یەدەگی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا".
لە تیۆردا دەتوانرێت رۆژانە نزیکەی 7 ملیۆن بەرمیل بەناو وڵاتەکەدا بگوازرێتەوە، کە نزیکەی یەکسانە بە هەناردەی ئاسایی سعودیە، بەڵام شانشینەکە هێشتا توانای بارکردن یان نەوتهەڵگری پێویستی لە بەندەری "یەنبۆ" لەسەر دەریای سوور نییە بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە.
ئێران: دۆخەکە وابێ نەوت دەگاتە 200 دۆلار
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتم ئەنبیای ئێران رایگەیاند: "ئەمریکای تاوانکار و رژێمی داماوی زایۆنی لە هێرشی هۆڤانەی بێ سنووریان، بەشێک لە ژێرخانی وزە و سووتەمەنی و ناوەندەکانی خزمەتگوزارییان کردووەتە ئامانج".
ئەم بەرپرسەی قەرارگەی خاتم ئەنبیا هۆشداری دایە وڵاتان و لە ئەگەری رانەگرتنی ئەم هێرشانە، هەڕەشەی هێرشی هاوشێوەی کرد رایگەیاند: "ئەگەر بەرگەی بەرمیلێک نەوت بە سەرووی 200 دۆلار دەگرن، لەم یارییەتان بەردەوام بن".
قەرارگەی ناوەندیی خاتم ئەنبیا باڵاترین قەرارگە و فەرماندەیی سەربازی ئێرانە کە ئەرکی چاودێری و هاوئاهەنگییە لەنێوان هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێران و راستەوخۆ سەر بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان و بەیتی رێبەریی ئێرانە.
رۆژی شەممە، 7-3-2026، دامەزراوەی پەترۆڵی کوێت باری نائاسایی (Force Majeure)ی لە هەناردەکردنی نەوت راگەیاند و گوتی، بەرهەمهێنانی نەوتی خاو کەم دەکاتەوە. هاوکات کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ئادنۆک) ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمهێنان لە کێڵگە دەریاییەکانیدا کەم دەکاتەوە.
عێراق پێشتر زیاتر لە نیوەی بەرهەمهێنانی وەستاندووە، قەتەریش لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا باری نائاسایی لە هەناردەکردنی گازی سرووشتیی شل (LNG) راگەیاند. هەموو بارە نەوت و غازەکانی کەنداو زیاتر لە هەفتەیەکە پەکیان کەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی توانای کۆگاکردنی نەوت لە ناوچەکەدا بگاتە ئاستی کۆتایی.
لەو دیوی کەنداویش، ئیسرائیل شەو هێرشیکردە سەر کۆگایەکی گەورەی سووتەمەنی لە نزیک تاران، کە بووە هۆی تەقینەوە و تێکچوونی ژینگە و پیسبوونی هەوا. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریدا ململانێکان دەبنە هۆی وەستانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتەکەیان. ئەگەر ئەمریکا یان ئیسرائیل دوورگەی "خارگ" بکەنە ئامانج، کە گرنگترین ناوەندی نەوتی ئێرانە، کاریگەرییەکی وێرانکەری دەبێت لەسەر توانای تاران بۆ بەردەوامبوون لە هەناردەکردنی نەوت.
ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، ئەمریکا بیر لە کۆنترۆڵکردنی ئەو دوورگەیە دەکاتەوە کە دەکەوێتە کەناراوەکانی رۆژئاوای ئێران، ئەمەش هەنگاوێکە کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گەورەی ململانێکان.
عەلی شەهابی، شرۆڤەکاری سعودی کە لە دیوانی پاشایەتییەوە نزیکە، رایگەیاند، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین پێش شەڕ بە ئێرانی گوتووە ئەگەر هێرشێکی گەورە بکرێتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی شانشینەکە، ئەوا ریاز دوورگەی خارگ دەکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ