دانەگاز لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ رۆژانە زیاتر لە 500 ملیۆن پێ سێجا گازی بەرهەمهێناوە

08-05-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای دانەگاز، گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی بەرهەمهێنانی گاز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆژی چوارشەممە راپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا کۆمپانیای دانەگاز، 97 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، واتە لە 3 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا. لەو بڕە 38 ملیۆن دۆلار پوختەی قازانجی هەبووە.
 
پوختەی قازانجی دانەگاز لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو دابەزیوە، بەوپێیەی لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو 50 ملیۆن دۆلار قازانجی پوختەی هەبووە. کۆمپانیای دانەگاز هۆکاری دابەزینی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا بۆ دابەزینی نرخی نەوت لەو ماوەیەدا بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو گەڕاندووەتەوە.
 
لە راپۆرتی دارایی کۆمپانیای دانەگازدا، ئاماژە بە هێرشەکەی 26ی مانگی رابردوو لەسەر کێڵگەی کۆرمۆر کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، "لەدوای چەند رۆژ و پاش گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی تووند، دانە گاز بە تەواوی تواناوە دەستی پێکردووەتەوە."
 
لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، "هێرشەکە بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆکار بۆ دواکەوتنی تەواوکردنی پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر-250، کە بڕیار بوو کۆتایی ئەم ساڵ بە تەواوەتی بکرێتەوە."
 
ریچارد هال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان کارەکانمان بە بەهێزی ماوەتەوە، بەوپێیەی ئاستی بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەکە لە سەرووی 500 ملیۆن پێ سێجایە لە رۆژێکدا."
 
هال جەختی لەوە کردووەتەوە، لە ساڵی رابردووەوە میکانیزمێکی نوێیان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەو کردووە؛ بەپێی میکانیزمەکە، توانیویانە قازانجی پشکدارەکانیان دابەش بکەن.
 
ئاستی بەرهەمهێنانی دانەگاز
 
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای دانەگاز، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024دا، ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان وەکو خۆی بە جێگیری ماوەتەوە و بریتی بووە لە رۆژانەی 38 هەزار و 600 بەرمیل هاوتای نەوت.
 
لەو بڕە 172 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی بووە. 5500 بەرمیل گازی کۆندێنسەیت و 381 تۆن گازی شلکراو (ئێل پی جی) بووە.
 
لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی دانەگاز، 38 هەزار و 700 بەرمیل هاوتای نەوت بووە.
 
پێچەوانەی کۆمپانیاکانی دیکەی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و بەهۆی وەستانی هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کوردستان، ناچاربوون بەرهەمهێنانی نەوت راگرن یان کەمی بکەنەوە، کۆمپانیای دانەگاز لەدوای داخرانی بۆریی نەوتی کوردستان - جەیهان رووبەڕووی هیچ کێشەیەکی لەو چەشنە نەبووەوە.
 
لە مانگی 11ی ساڵی 2023دا ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای دانەگاز و کۆمپانیا هاوبەشەکانی لە چوارچێوەی (پێرڵ پێترۆلیۆم) بەرزبووەوە بۆ 520 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا.
 
پلانی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر
 
کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت، "ئەگەری هەیە هێرشی درۆنی ئەم دواییە لەسەر کیڵگەی کۆرمۆر کە گیانلەدەستدانی چوار لە کرێکارانی بەدواوە هات، ببێتە هۆکار بۆئەوەی کارەکانی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر دوابکەوێت و لە کاتی خۆیدا تەواو نەبێت.
 
پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر کە بە (KM250) ناسراوە، توانای بەرهەمهێنانی گاز لە کیڵگەکە بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا زیاد دەکات و بەرزی دەکاتەوە بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 
کۆمپانیای دانەگاز پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەو پرۆژەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت.
 
بەڵام لە راپۆرتی چارەکی یەکەمی ئەم ساڵی کۆمپانیاکەدا دەڵێت، ئەگەری هەیە هێرشەکەی ئەم دواییە ببێتە هۆکار بۆ دواکەوتنی کردنەوە و تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە.
 
دانەگاز رایگەیاندووە، ئەگەر پرۆژەی (KM250) بکرێتەوە، لانیکەم دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی داهاتەکانی بە بڕی 150 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.
 
کونسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم
 
کۆمپانیای دانەگاز تەنیا یەکێکە لە کۆمپانیا پشکدارەکانی کێڵگەی کۆرمۆر.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر گرێبەستی لەگەڵ (پێرڵ پێترۆلیۆم) هەیە، کە تیایدا کۆمپانیای دانەگاز 35%ی پشکەکان و کۆمپانیای (کرێسێنت پێترۆلیۆم) بە رێژەی 35% و هەریەکە لە کۆمپانیا ئەورووپییەکانی (RWE)ی ئەڵمانی، (OMV)ی نەمسایی و (MOL) ی هەنگاری بە رێژەی 10% خاوەن پشکن لەو کێڵگەیەدا.
 
پێرڵ پێترۆلیۆم ئامانجی هەیە قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بەرزبکاتەوە بۆ 1 ملیار پێی سێجا لە رۆژێکدا و بۆ ئەو مەبەستەش لە قۆناخی دووەمی پەرەپێدانی ئەو کێڵگەیە 250 ملیۆن پێی سێجای دیکە تاوەکو چەند ساڵی داهاتوو زیاد دەکات و بەو پێیەش ئاستی بەرهەمهێنانی گاز بەرزدەکاتەوە بۆ هەزار ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە