رووداو دیجیتاڵ
بەپێی چەند سەرچاوەیەک لە کۆمپانیا نەوتییەکان، سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەغدا بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 08-06-2024 بە رووداوی گوت، کۆمپانیاکانی نەوت تێبینییان لەسەر مەرجێکی حکومەتی عێراق هەیە.
ئەو بەرپرسە، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەتی نەوتی عێراق مەرجێکی بۆ بەشداریی ئێـمە لە کۆبوونەوەکەدا داناوە؛ داوای لێمان کردووە کۆپییەکی گرێبەستەکانمان لە کۆبوونەوەکەدا بخەینەڕوو."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئەوان نیگەرانن لەو مەرجە، چونکە وەزارەتی نەوتی عێراق پێشتر سکاڵای لەسەریان تۆمار کردووە دژی ئەو گرێبەستانەی ئێستا داوایان دەکەن.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی عێراق یان دەبێت سكاڵا یاساییەکەی دژی گرێبەستەکانمان بکشێنێتەوە یان گەرەنتیی یاسایی بداتە کۆمپانیا نەوتییەکان، دوای ئەوەی گرێبەستەکانمان لە کۆبوونەوەکەدا دەخەینەڕوو."
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو کۆمپانیا نەوتییەکان داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی مافە داراییەکانیان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە.
کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، " کێشەی سەرەکیی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزە."
کەمال محەمەد گوتیشی، "عێراق ساڵانە چەندین تریلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتی خۆی تەرخان دەکات."
کۆبوونەوەکە دوای ساڵێک و دوو مانگ لە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دێت کە زیانی ملیاران دۆلار بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان داوە.
بەپێی زانیارییەکان، دوو کێشەی سەرەکی لە بەردەم هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەن، ئەوانیش تێچووی بەرهەمهێنان و شێوازی گرێبەستەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ