ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق: پێشبینی دەکرێت بودجەى 2025 لەوەی 2024 زیاتر نەبێت

11-11-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێشبینی دەکات، بودجەى ساڵی 2025 زیاتر نەبێت لە بودجەى ساڵی 2024، ئەوەش بەهۆى کەمیى نرخى نەوت بەراورد بەو نرخەى خەمڵێندراوە، کە دەبوو بە زیادەى نرخەکەى کورتهێنانى بودجەى ئەم ساڵى پێ پڕبکرایەتەوە.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 11-11-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشبینی دەکرێت بودجەى ساڵى 2025 زیاتر نەبێت لە بودجەى 2024، بەو پێیەى نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان بەراورد بە خەمڵاندنى نێو خشتەى بودجەى 2024 بەرز نەبووەتەوە.
 
بودجەى ساڵی 2024ى عێراق نزیکەى 211 تریلیۆن دینارە و نرخى خەمڵێندراوى بەرمیلێك نەوت تێیدا بەگوێرەى راپۆرتى لیژنەى دارایی پەرلەمان 80 دۆلار بووە، لە کاتێکدا نەوتى برێنت ئەم ساڵ گەیشتووەتە ئەو نرخە و نەوتى فرۆشراوى عێراق لانیکەم پێنج دۆلار کەمتر دەکات.
 
د. جەمال کۆچەر پێیوایە بەرزنەبوونەوەى نرخى نەوت وایکردووە نەتواندرێت ئەو کورتهێنانەى بودجەى ساڵی 2024ى عێراق پڕ بکرێتەوە، کە پشتى بە زیادەى پارەى نەوت بەستووە و "دەبێت بەشێک لەو کورتهێنانە بگوازرێتەوە بۆ بودجەى 2025؛ بۆیە بڕى بودجەى ساڵى داهاتوو زیاد ناکرێت."
 
داهاتى پێشبینیکراو لە بودجەى 2024 گەیشتووەتە 144 تریلیۆن و 336 ملیار دینار، لە کاتێکدا خەرجییەکان بە 210 تریلیۆن و 936 ملیار دینار مەزەندە کراون. بەو پێیەش کورتهێنانەکەى دەگاتە زیاتر لە 63 تریلیۆن دینار.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتى، "بەگوێرەى یاساى کارگێڕیى دارایی عێراق، دەبوو لە 15ى تشرینى یەکەم خشتەى بودجەى 2025 رەوانەى پەرلەمان بکرایە بۆئەوەى تاوتوێ بکرێت، ئەگەر لەم مانگەى تەمەنى وەرزى یاسادان نەنێردرێت و یەکلایی نەکرێتەوە، دەکەوێت مانگى نیسانى ساڵى داهاتوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە