نرخی ئۆنسەیەک زیو گەیشتە زیاتر لە 38 دۆلار

12-07-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی لەکاتی داخستنی بازاڕدا، نرخی ئۆنسەیەک زیو 38.37 دۆلار بووە. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە لەدوای 2011ـەوە.

تەنیا لە مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا نرخی زیو 1.35 دۆلار، یاخود 3.65٪ بەرزبووەتەوە. 
 
لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ مانگی ئەیلوول، ئۆنسەیەک زیو بە 39.12 دۆلارە.
 
توندبوونەوەی گرژییە بازرگانییە جیهانییەکان بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر زیو وەکو سامانێکی پارێزراو.
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، لە 1ی ئابەوە پێناسی گومرگی بە رێژەی 35% بەسەر کەنەدا دەسەپێنێت. هەروەها ئاماژەی بە بەرزکردنەوەی رێژەکە لەنێوان 15% بۆ 20% بەسەر زۆربەی هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکەدا کرد. 
 
سەرەتای هەفتەی رابردووش، ترەمپ بە رێژەی 50% گومرگی بەسەر هاوردەی مس و کاڵاکانی بەرازیل راگەیاند، 14 وڵاتیشی ئاگادارکردەوە کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە گومرگیان بەسەردا دەسەپێنێت، لەوانەش ژاپۆن و کۆریای باشوور.
 
سەرەڕای بەرزبوونەوەیە، بەڵام بەهێزبوونی دۆلاری ئەمریکی بووەتە هۆی سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زیو، لە کاتێکدا بازاڕەکان بەردەوامن لە هەڵسەنگاندن بۆ داهاتووی سیاسەتی نەختینەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا. 
 
لەمبارەیەوە، ئۆستن گوڵسبی، سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمریکا لە لقی شیکاگۆ، دووپاتیکردەوە کە بانکی ناوەندی نابێت رێژەی سوود بگۆڕێت بۆ مەبەستی سووککردنی دانەوەی قەرزەکان و، گوتی کە ئەرکی سەرەکییان جەختکردنەوەیە لەسەر رەخساندنی هەلی کار و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان.
 
لەلایەکی دیکەوە، پەیمانگەی زیو پێشبینی دەکات کە ئەم ساڵ بۆ پێنجەمین ساڵی لەسەریەک کورتهێنان لە خستنەڕووی زیودا رووبدات. 
 
بەپێی پەیمانگاکە، زیادبوونی خواستی پیشەسازی - بەتایبەتی لە کەرتی وزەی خۆر- چاوەڕوان دەکرێت پاڵپشتییەکی درێژخایەن بۆ نرخی زیو دابین بکات.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە