ئابووری
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 90 دۆلار و 89 سەنت و ئۆنسەیەک زێڕیش گەیشتە 1928 دۆلار و 15 سەنت
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی 13-10-2023 بە رێژەی 6% بەرزبووەوە، نرخی نەوتی برێنت زۆرترین بەرزبوونەوەی هەفتانەی خۆی لە مانگی 2ی ئەم ساڵەوە تۆمار کرد. هاوکات نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش بە رێژەی 3% بەرزبووەوە.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، نرخی نەوتی برێنت 4 دۆلار و 89 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 90 دۆلار و 89 سەنت. نرخی نەوتی برینت لە ماوەی یەک هەفتەدا بە رێژەی 7.5% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 4 دۆلار و 78 سەنتە، بەوەش نزیکەی 5.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 87 دۆلار و 69 سەنت.
هەرچەندە ئیسرائیل بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت نییە و شەڕی نێوان حەماس و ئەو وڵاتە کاریگەریی لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوت دانەناوە، بەڵام بازرگانانی نەوت نیگەرانن لە پەرەسەندنی شەڕەکە و پێیانوایە ئەگەر هێرشی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی غەززە دەستپیبکات، ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، ئەوەش مەترسی بۆ خستنەڕووی نەوت دروستدەکات.
بەپێی ئاژانسی 'شانا'ـی وەزارەتی نەوتی ئێران، جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئیران رایگەیاندووە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار لە ئارادایە، ئەگەر شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر پەرەبستێنێت.
ئەندرو لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری ریپۆ ئۆیل لەو بارەیەوە رایگەیاند، بازاڕی نەوت چاوەڕوانی تووندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و رووسیایە، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکاندا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1930 دۆلار بەرزبووەوە
نرخی زێڕ رۆژی هەینی 13-10-2023 بە رێژەی 3% بەرزبووەوە، ئەم هەفتەیە باشترین هەفتە بوو بۆ زێڕ لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا.
هەر ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بە رێژەی 3.2% بەرزبووەوە و بە 1928 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
نرخی زێڕ لە ماوەی یەک هەفتەدا بە رێژەی 5.2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لە سەرەتای هەفتەی رابردوو، دوای دەستپێکی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بازرگانانی زێڕ نیگەرانن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە شەڕ.
لەبەر ئەوەی زێڕ وەک سامانێکی سەلامەت لە کاتی نادڵنیاییەکان سەیر دەکرێت، خواست بۆ کڕینی ئەو کاڵا ستراتیژییە بەرزبووەتەوە.
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیاری راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پەیوەستە بەوەی کە زێڕ وەکو پەناگەیەکی ئارام دەبینرێت بۆ وەبەرهێنەران لە کاتی نائارامی و شەڕ و ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکاندا."
دەیڤید مێرگێر، بەڕێوەبەری بەشی کانزاکان لە کۆمپانیای راوێژکاری های رێج سیکیۆریتیز لەبارەی نرخی زێڕەوە رایگەیاند، " جگە لە نائارامییە سیاسییەکان، پێشبینی دەکرێت کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە، ئەوەش یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە پاڵپشتییان بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ