سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران: رێگەکان بۆ بارهەڵگر نەکرێنەوە گرانی لە بازاڕ دروست دەبێت

16-05-2024
شیراز رەئوف
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ قسە دەکات
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ قسە دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی؛ ئەگەر رێگەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕووی هاتووچۆی بارهەڵگرەکاندا نەکرێنەوە، کۆگەکان بەتاڵ دەبن، قەیران و گرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دروست دەبێت.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە 15-5-2024 رایگەیاند، ئێستا بەهۆی داخستنی رێگەکانەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەولێر و سلێمانی وەستاوە و داخستنی رێگەکان کاریگەریی لەسەر بازاڕەکان دروستکردووە.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان گوتی "هێشتا کۆگەکان بەتاڵ نەبوون لە کاڵا و خۆراک، بەڵام ئەگەر رێگەکان نەکرێنەوە، بەتاڵ دەبن و ئەوکاتە قەیران و گرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەدات، هاونیشتمانییان زیانمەندی یەکەم دەبن و باجی داخستنی رێگەکان دەدەن."
 
ئەو گوتانەی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە؛ شەش رێگەی هاتووچۆی بازرگانی لەنێوان هەولێر و سلێمانی هەن، ئێستا سەرجەمیان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخراون، بەردەوامیی داخستنی ئەو رێگەیانە جگە لە دروستکردنی کێشە بۆ سەتان خێزان و خاوەن بارهەڵگرەکان، کێشەی بۆ جووڵەی بازرگانی و گەیشتنی خۆراک و پێداویستی بۆ خەڵک دروست دەکات.
 
"قەیرانی گازی ماڵان لە هەولێر و کاڵای ئەوروپی لە سلێمانی"
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان باسی مەترسییەکان دەکات و دەڵێ "ئەگەر داخستنی ئەم رێگەیانە بەردەوام بێت، لە سلێمانی و هەڵەبجە هەموو کاڵایەکی ئەوروپی تووشی قەیران دەبێت، چونکە تەواوی کاڵا ئەوروپییەکان لە پارێزگەکانی هەولێر و دهۆکەوە دەهێنرێنە سلێمانی و هەڵەبجە، بەوپێیەی فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشتەکانی لەگەڵ تورکیا راگیراون، هاوکات کاڵای ئێرانی و گازی ماڵانیش لە سلێمانییەوە دەبرێنە هەولێر و دهۆک، بۆیە داخستنی ئەم رێگەیانە زیان بە هەردوولا دەگەیێنێت."
 
دوای داخستنی رێگەی کۆیە، کەرکووک، سماقوولی و بالیسان، دوێنێ رێگەی سکتان، کە تاکە رێگەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بوو لەنێوان هەولێر – سلێمانی لەلایەن هاووڵاتییانەوە داخرا و جموجۆڵی بازرگانیی نێوان ئەو دوو پارێزگایە پەکیکەوت.
 
مستەفا شێخ عەبدولرەحمان باسی لەوە کرد "چەند مانگێکە گرفتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەولێر و سلێمانی هەیە، هێشتاش کێشەی بازگەکان لەنێوان هەولێر و سلێمانی و وەرگرتنی پارە و سەرانە لە بازرگانان بەردەوامە، ئەو گرفتە چارەسەر نەکراوە و گرفتی داخستنی رێگەش سەریهەڵدا."
 
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویکردەوە لەنێوان هەولێر و سلێمانی رێگری لە هاتووچۆی کاڵای بازرگانی دەکرێت لەلایەن بازگەکانەوە، ئەوکاتە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی "لەنێوان سنووری قەڵەمڕەوی پارتی و یەکێتی، بەشێوەی نایاسایی گومرگ لە بازرگانەکان وەردەگیرێت و ئێستا ئەگەر گومرگ نەدرێت، رێگە نادرێت لە سنووری سلێمانییەوە کاڵا بهێنرێتە سنووری هەولێر و دهۆک، لەکاتێکدا هەمووان دەزانن رێگری لە هاتووچۆی کاڵا لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا کارێکی نایاساییە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا. وێنە: Reuters

یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 61 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت زیاتر دابەزی بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 61 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.