رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناردنی مووچەی مانگی ئایار ـی پەسندکرد و لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبێت و کاری پێدەکرێت.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووز لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشدار بوو؛ بە هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە بەغدا گوت: "ئەم لێکتێگەیشتنەی [نێوان هەولێر و بەغدا] ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. ئەوەی گرنگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار دەرکرد."
ئەو وەزیرە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە لەبارەی مووچەی مانگەکانی دیکە رایگەیاند: "لیژنەیەک دێتە هەولێر و کار لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەن و لەدوای رەزامەندی ئەوان مووچەی مانگەکانی دیکەش خەرج دەکرێت."
خالید شوانی باسی لەوەشکرد: "رێککەوتنەکە نەخشەڕێگەی وردی لەسەر دانراوە، هیوادارم ببێتە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە."
ئەو وەزیرە کوردە لە عێراق گوتی: " جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبێت، بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری مانگانە لە داهاتی نانەوتی بداتە فیدراڵ لەگەڵ 230 بەرمیل نەوتی رۆژانە."
هەڵکەوت عەزیز پرسیاری لە خالید شوانی کرد، ئایا هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ئەگەر بڕی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە، عێراق لە بەرچاو دەگرێت؟ وەزیری داد گوتی، ئەوان ئاگاداری رووداوەکانن و رەچاوی ئەو بارودۆخە دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و رەشنووسی نێوان هەولێر و بەغدای پەسند کرد.
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداو گوت، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو پارەی مووچە دەنێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ