رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی نرخی نەوت رۆژی سێشەممە بە رێژەی 1% بەرزبووەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر، بەڵام دابەزینەکان سنووردارن.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ 11 سەنتی لێبووەوە و بە 68 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی و بە 64 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
کۆمپانیای (ترانس نەفت)ی رووسیا کە کاری گواستنەوەی نەوتی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات، بە بەرهەمهێنەرانی راگەیاندووە، لەبەر هێرشەکانی ئۆکراینا، بە ئەگەری زۆرەوە ناچارە لە توانای بۆرییەکانی کەم بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی دامەزراوە نەوتییەکان لە بەندەرەکان کراونەتە ئامانج.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاندووە، هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ وازهێنان لە نەوتی رووسیا بە ئامانجی گوشارخستنەسەر ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی رادەگەیێنێت و بڕیارەکە ئەگەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەدواوە بێت، دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 3.42 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە، کە ئاماژەیەکە بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ