رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوت بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی خواست و ئەگەری ئەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس پلانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت دەگۆڕێت یان رایدەگرێت، بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، رۆژی سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 21 سەنت بەرزبووەوە و بە 84 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش، 16 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
هەر دوو نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا و نەوتی برێنت، رۆژی دووشەممە بە رێژەی 2% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.
هەفتەی رابردوو، رێکخراوی ئۆپێک و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایانگەیاندبوو، لە نیوەی دووەمی ئەم ساڵدا، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرز دەبێتەوە.
پێشبینییەکانی ئەو دوو ناوەندە گەورەیە لەسەر بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوتی خاو، بووە هۆکار بۆئەوەی سندووقەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیکردن بە نەوت، دەست بە کڕینەوەی نەوت بکەنەوە.
سندووقە گەورەکانی وەبەرهێنانی نەوت لە دوو هەفتە لەمەوبەرەوە دەستیان بە کڕینی گرێبەستەکانی داهاتووی نەوت کردووە و لە دووەم هەفتەی ئەم مانگەدا گرێبەستی داهاتووی 80 ملیۆن بەرمیل نەوتیان کڕیوە. ئەمەش نزیکەی 40%ی گرێبەستی داهاتووی ئەو 194 ملیۆن بەرمیلەیە کە دوای کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس فرۆشتبوویان.
تووندبوونەوەی کێشە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە هۆکار بۆئەوەی خواست بۆ کڕینی نەوت بەرز ببێتەوە لەترسی ئەوەی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا بەهۆی تەشەنەکردنی شەڕەکەوە پەکی بکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ