نەرمین مەعرووف: وەزیری دارایی عێراق گوتی تاوەکو نەوت و داهاتی نانەوتی رادەست نەکرێن مووچە نانێرێت

20-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزیری دارایی فیدراڵی پێی راگەیاندوون تاوەکو ئەو کاتەی بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا نەوت و داهاتی نانەوتی رادەست نەکرێت، مووچەی مانگی ئایار نانێرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-07-2025، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند پرسێکی دارایی، میوانداری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی کردووە. دوای کۆبوونەوەکە، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەبارەت بە رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا و کاتی ناردنی مووچەی مانگی ئایار پرسیاریان لە تەیف سامی کردووە.
 
بەگوتەی نەرمین مەعرووف، وەزیری دارایی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی رێککەوتنەکەی نێوانیان، پێویستە هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەی نەوت بکاتەوە، هەروەها 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار رادەست بکات، ئینجا دەست بە ناردنی مووچە دەکات.
  
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و مووچە، مانگانە دەبێ هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و، وەزارەتی دارایی فیدراڵیش دەست بە خەرجکردنی مووچە بکات.
 
بەشێک لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییانە تووشی زیان بوون، بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتیان لەدەستداوە.
 
وەک ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی دا، ''مەرج نییە لە یەکەم رۆژەوە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکرێت، بەڵکو دەکرێ وەکو دەستپێک بە بڕێکی کەمتر، ئەو کێڵگانەی توانای هەناردەکردنیان هەیە، دەست بە کار بکەنەوە.''
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە مانگی تەمموزدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
 
نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوەش کرد، چوار لیژنە بەدواداچوون بۆ داهاتی نانەوتی، بڕی نەوت و پێداویستییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بە سووتەمەنی، هەروەها زیانی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت دەکەن کە پێویستە تاوەکو کۆتایی مانگ راپۆرتی خۆیان پێشکێشی بەغدا بکەنەوە.
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەردوو حکومەت لە لیژنەکەدا بەشدار دەبن و سێشەممە 22ـی تەمموز یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن. 
 
80 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرنەگرتووە، ئەوەش دوای بڕیارێکی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کە 28ـی ئایار رایگەیاند: "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەھۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکانێکی زێڕ لە هەولێر

نرخی مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 60 هەزار دینار دابەزی

نرخی زێڕ سێیەم رۆژی لەسەریەکە لە دابەزین بەردەوامە و بازاڕ ناجێگیرە. مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ ئاستی نزیک لە ملیۆنێک دینار دابەزی.