رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک لەسەر ئەوەی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی بە رێژەی 1% بەرزکردەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 86 سەنت بەرزبووەوە و بە 66 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 90 سەنت بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
تەلەڤیزیۆنی CNN لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زانیاریی هەواڵگریی دەستکەوتووە کە ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.
راپۆرتەکەی ئەو کەناڵە ئەمریکییە دەڵێت، ئەو زانیارییانەی بەدەست بەرپرسانی ئەمریکا گەیشتووە، ئاشکرای ناکات ئایا ئیسرائیل بڕیاری کۆتایی داوە لەوبارەیەوە یان هێشتا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران.
ئێران یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک، هێرشی سەر ئێران دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ داخستنی گەرووی هۆرموز کە یەکێکە لە رێڕەوە گرنگ و هەستیارەکانی گواستنەوەی نەوتی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ