بەهۆی کەمبوونەوەی نەوتی یەدەگکراوی ئەمریکا نرخی نەوت بەرزبووەوە

24-04-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە، ئەوەش لەدوای ئەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا دەریانخست بە شێوازێکی چاوەڕوان نەکراو، نەوتی یەدەگکراو لە ئەمریکا کەمیکردووە کە هێمایەکە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە ستراتژییە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور رۆژی چوارشەممە 6 سەنت بەرزبووەوە و درێژەیدا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی و هەر بەرمیلێکی بە 88 دۆلارو 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 10 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 83 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 800 هەزار بەرمیل زیادیکردبێت، بەڵام پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا ئاشکرای کرد، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو بە بڕی 3 ملیۆن و 237 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.
 
ئەمڕۆ ئامارە فەرمییەکانی خواست و خستنەڕووی نەوت لە ئەمریکا لەلایەن کارگێری زانیاری وزەی ئەمریکاوە بڵاودەبنەوە، کە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دروستدەکەن. ئەو ئامارانە کاژێر 05:30ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەولێر بڵاودەبنەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە هەر چەشنە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکان، بەتایبەتی بانکی ناوەندیی بەریتانیا و ئەمریکا، دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بە پێچەوانەوە نرخی کاڵا و کانزاکان بەرز دەکاتەوە.
 
کۆمپانیای راوێژکاریی (کاپیتاڵ ئیکۆنۆمیست) لەبارەی بازاڕی نەوتەوە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی چالاکییە بازرگانییەکان لە ئەوروپا و بەریتانیا دەکات و دەڵێت، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە