رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 100 دۆلار دابەزی، بەڵام توانیویەتی بەرگری لە ئاستی 2300 دۆلار بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 10 دۆلار بەرزبووەوە و بە 2330 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە ئاستەکانی 2400 دۆلار دابەزی بۆ نزیکەی 2300 دۆلار.
بازرگانانی زێڕ کۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕانی بڵاوبوونەوەی ئاماری زیاتری ئابووریی ئەمریکا دەکەن، بۆئەوەی هەندێک هێمایان بۆ دەرکەوێت کە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەو چی ئاراستەیەک دەڕوات.
ئەمڕۆ داتاکانی پەیوەست بە هەناردە و هاوردەکاری ئەمریکا بڵاودەبنەوە و کۆتایی هەفتەش داتاکانی پەیوەست بە گەشەی بەرهەمی ناوخۆی ئەمریکا بڵاودەبنەوە، کە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێن.
بازاڕ و ناوەندە داراییەکانی جیهان گرەویان لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی 9 کردووە و ئەگەر ئەوە رووبدات، پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروست دەبێت.
هەر چەشنە ئاماژەیەک لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، لەبەر ئەوەش نرخی کاڵا و کانزاکان بەرز دەکاتەوە.
زوانی مێهتا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەگەر بەرزبوونەوەکانی ئەمڕۆ بەردەوام بێت، نرخی زێڕ دەتوانێت تاوەکو 2365 دۆلار بەرزبێتەوە، پێچەوانەی یەکەم ئاست کە چاوەڕوانی نرخی زێڕ دەکات، کە 2295 دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ