یەک ئۆنسە زێڕ بە 3380 دۆلارە

24-07-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بەردەوام بوو لە دابەزین و ئۆنسەیەکی بە 3380 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ دوێنێ ٪1.3 لە بەهای خۆی لەدەستدا.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕیژەی 0.1٪ دابەزی و بە 3492 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
برایان لان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری (گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ) لە سینگاپوور دەڵێت، "دوێنێ واماندەزانی دابەزینی نرخی زێڕ، خۆئامادەکردنەوەیە بۆ بەرزبوونەوەیەکی دیکە، بەڵام پاشان هەواڵەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکانی بازرگانیی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دەرچوون، نرخی زێڕ بەردەوامیدا بە دابەزینەکانی. بازرگانانیش روویانکردە پرۆسە کۆکردنەوەی قازانج."
 
بە گوتەی برایان، "هاوکات لەگەڵ دابەزینی نرخی زێڕ، پێنوێنیی دۆلاریش بەردەوامە لە دابەزین." ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "ئەمە وادەکات ئێمە بیر لەوە بکەینەوە پاشەکشەی نرخی زێڕ لە دوێنێوە تاوەکو ئێستا، پاشەکشەیەکی تەکنیکی و کورتخایەن بێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ هەیە."
 
رۆژی چوارشەممە ئەمریکا و ژاپۆن رێککەوتن پێناسە گومرکییەکان لە 25٪وە دابەزێنن بۆ 15٪.
 
هەروەها یەکێتیی ئەورووپاش لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستاندندایە و پێشنیازی نوێ هەیە، پێناسی گومرکی سەر ئەورووپاش دابەزێت بۆ 15٪ و هەندێ کاڵاش لە پێناسە گومرکییەکان ببەخشرێن.
 
رێککەوتنە بازرگانییەکان، فاکتەری مەترسی لەنێو بازاڕەکان کەمدەکەنەوە.
 
پێنوێنیی دۆلاری ئەمریکی دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردوو و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە، بەتایبەتی بازرگان چاوەڕێی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەورووپا دەکەن کە ئەمڕۆ بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات و هەرچەشنە گۆڕانکارییەک لەسەر رێژەی سوودی بانکی، کاریگەری لەسەر بەهای یۆرۆ و دۆلار و بەتایبەتی زێڕیش دادەنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە