راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت: یەک کۆمپانیا ماوە

24-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیێندراوێکی لەبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، تەواوی پابەندییەکانی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت جێبەجێکردووە، "تەنیا یەک کۆمپانیای بیانی ماوە رێککەوتنە سێقۆڵییەکە واژۆ بکات."
 
بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، واژۆ بە سەرجەم کۆمپانیاکانی نێوخۆ و بیانی کراوە، "جگە لە یەک کۆمپانیای بیانی تاوەكو ئێستا ئەو رێککەوتنەی واژۆ نەکردووە کە کاریگەریی نییە لەسەر رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان وەزارەتمان، کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، وەڵامی رەزامەندییەکانی وەزارەتەکەیان و کۆمپانیاکان لە 23ی ئەم مانگە بە نووسراوی فەرمی ناردووەتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بۆیە چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بو واژۆکردنی رێککەوتنەکە وەڵامیان بداتەوە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات و بڕگەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەڵێت، بەغدا و هەولێر نزیکن لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوت کاریگەری لەسەر پابەندبوونەکانی عێراق بە بڕیارەکانی ئۆپێک نابێت.
 
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رۆژی سێشەممە 23ی ئەیلوول بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "لە مانگەکانی رابردوودا هەوڵی جیدی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر دراوە، بەرپرسیاریێتییەکی گەورە لە ئەستۆی وەزارەتی نەوت بوو بە نوێنەرایەتیی هەموو فەرمانگە و کۆمپانیاکانی، لەنێویاندا کۆمپانیای سۆمۆ، هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنێکی دیکەی گرنگیش کە کۆمپانیا جیهانییە بەرهەمهێنەرەکانی نەوتن لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان."
 
عەلی نزار گوتی، "رێککەوتنەکە گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی، چونکە گەیشتووینەتە میکانیزمێکی تۆکمە بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە و هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت." گوتیشی، "چاوەڕوانی رێکارەکانی هەناردەکردنین دوای کۆتاییهاتنی هەموو وردەکارییەکان، هەندێک لە بابەتەکانیش بە نووسراو پشتڕاست دەکرێنەوە و تۆمار دەکرێن."
 
سەبارەت بە داواکاریی کۆمپانیاکان، عەلی نزار گوتی، "کۆمپانیا جیهانییەکان پێویستیان بە دڵنیاییە سەبارەت بە پێدانی شایستە داراییەکانیان دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، کۆمپانیاکەمان کاری کردووە بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە و بەمزووانە دوای واژۆکردنی فەرمیی رێککەوتنەکە، حکومەت وادەی هەناردەکردنەوە رادەگەیێنێت."
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2023ـەوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس، بڕیاریدا کە تورکیا بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە بەهۆی رێگەدان بە هەناردەی "نایاسایی" نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:
 
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە چوارچێوەی راسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، تەواوی پابەندییەکانی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە. واژۆی بە سەرجەم کۆمپانیاکانی نێوخۆو بیانی کردووە، جگە لە یەک کۆمپانیای بیانی تاكو ئێستا ئەو ڕێکەوتنەی واژوو نەکردووە کە کاریگەری نییە لەسەر ڕێکەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتمان و کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، هەروەها وەڵامی ڕەزامەندییەکانی وەزارەتمان و  کۆمپانیاکان لە (23)ی ئەم مانگە بە نووسراوی فەرمی ناردووەتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بۆیە چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بو ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکە وەڵاممان بداتەوە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکات و بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکانێکی زێڕ لە هەولێر

نرخی مسقاڵێک زێڕ زیاتر لە 60 هەزار دینار دابەزی

نرخی زێڕ سێیەم رۆژی لەسەریەکە لە دابەزین بەردەوامە و بازاڕ ناجێگیرە. مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ ئاستی نزیک لە ملیۆنێک دینار دابەزی.