رووداو دیجیتاڵ
بەپێی شرۆڤەکاران و شارەزایانی گواستنەوەی دەریایی، ئەگەر قەیرانی جیۆسیاسی لە دەریای سوور تاوەکو چەند هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێت، قەیرانەکە کاریگەری دەکاتە سەر نرخی کاڵا و خۆراک لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان.
پیتەر سەند، شارەزای سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (زێنێتا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەکارنەهێنانی دەریای سوور و کەناڵی سویز بەهۆی هەڕەشەی حووسییەکان، ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە لە ئاسیاوە کاڵا دەگوزانەوە بۆ ئەوروپا، ناچار دەکات بە دەوری کیشوەری ئەفریقا بسووڕێنەوە، تاوەکو دەگەنە ئامانجەکانیان و ئەوەش تێچووی گواستنەوە زیاد دەکات."
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، تێچووی گواستنەوەی دەریایی تەنیا لەبەر زیادبوونی بەکارهێنانی سووتەمەنی و دووربوونەوەی رێگە دەریاییەکان ملیۆنەها دۆلار بەرز دەبێتەوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، تێچووی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا 50% بەرزبووەتەوە و ئەوەش دووبارە قەیرانێکی نوێ لە زنجیرەی دابینکردن دروستدەکات، کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا.
40%ی گواستنەوەی کاڵا و شتومەک لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا لەڕێگەی دەریای سوور و کەناڵی سویز دەکرێت، کە یەکسانە بە 12%ی کۆی کاری بازرگانی لە جیهاندا.
بەپێی پێگەی (فرایتۆس پلاتفۆرم) 30%ی کەشتییە بازرگانییەکانی جیهان لە کەناڵی سویزەوە تێدەپەڕن و رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتیش بەو کەناڵەدا دەگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ