رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکاندا دابەزی. هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە دەگەڕێتەوە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بە ریژەی 0.6% دابەزی و بە 2755 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی زێڕ بە هەمان رێژە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک ئۆنسەی بە 2761 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە کۆڵۆمبیا کردووە کە پێناسی گومرگی 25% بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنێت، ئەگەر ئەو وڵاتە رازی نەبێت بە وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانەی دیپۆرتیان دەکاتەوە.
هەرچەندە کۆڵۆمبیا رەزامەندیی خۆی بۆ وەرگرتنی کۆچبەران راگەیاندووە، بەڵام هەڕەشەکانی ترەمپ بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.3%.
ییپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نرخی زێڕی دابەزاندووە، بەڵام لەم هەلومەرجەی ئێستا پێشبینی دەکەن دابەزینی نرخی زێڕ سنووردار بێت."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، هێشتا چاوەڕێی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکەن، بەهۆی سیاسەتە ئابووری و بازرگانییەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکا.
لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن، بۆئەوەی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکایان بۆ روون ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ