رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە بەغدا دەڵێت، دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی و گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەی مووچەی عێراق مووچەی مووچەخۆران دابەشبکات و بڕی مووچەش هاوتا بکرێت.
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی شیاوی تانەلێدان نییە. د. ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی، بۆیە پێویستە هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان پێوەی پابەندبن.
بە گوتەی ئاسۆ فەرەیدوون، گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا شکۆی قەوارەی هەرێمی کوردستان ناشکێنێت. "دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک زیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان ناگەیێنێت و لە شکۆ و پێگەی وەکو قەوارەیەکی دەستووری کەمناکاتەوە، بە پێچەوانەوە گرفتی دواکەوتنی مووچە و نۆرەگرتن لە بەردەم بانک لە کۆڵی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش دەکاتەوە."
لەبارەی هاوتاکردنی مووچە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ئاسۆ فەرەیدوون دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت کار بە دوو خشتەی مووچە بکات و پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هەمان خشتەی فەرمانبەرانی عێراق دابەش بکرێت.
بەو پێیە بێت، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی عێراق دەکرێت و، "بەشێک لە مووچەکان زیاد دەکەن، چونکە لە عێراق زیاترن لە هەرێمی کوردستان."
بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوەش، هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە ناردنی داتا و زانیارییەکانی مووچەخۆرانی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
"پلەبەرزکردنەوە و شایستەکانی دیکە مووچەخۆرانی عێراق بە هەمان شێوە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە." د. ئاسۆ فەرەیدوون وای گوت.
دادگەی فیدراڵی هەفتەی رابردوو بڕیاریدا کە دەبێت هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مانگانە دابەش بکرێت. رۆژی دووشەممەش وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و رایگەیاند، مووچە بۆ مانگی شوبات دەنێرن، بەڵام لە مانگی ئادارەوە لە رێگەی هەژماری بانکییەوە مووچە دەدەن.
مانگی ئادار بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداوە بە فەرمی دەگاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراقیش، ئەوکات دەبێت هەردوولایان جێبەجێی بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی ئەستەمە لە ماوەی مانگێکدا هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی هەژماری بانکی و مووچە لە بانک وەربگرن.
ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
ئاسۆ فەرەیدوون کە ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە باسی لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەکەیان و وەزیری نەوتی عێراق کرد لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان جیاوازیی تێچووی دەرهێنانی نەوتەکەیە بەراورد بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نادیارە. پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت، وەزیری نەوتی عێراق پێی گوتوون چاوەڕوانی رێککەوتنی لیژنە تەکنیکییەکانی دانوستاندنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقن، "تاوەکو ئەوان لە رووی تەکنیکییەوە رێکنەکەون ناتوانن هیچ بڕیارێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ