کاتێک کۆمپانیای گووگڵ کە ئێستا بەشێکە لە کۆمپانیای ئالفابێت لە ساڵی 2006، پلاتفۆرمی (یوتیوب)ـی بە 1.65 ملیار دۆلار کڕی، زۆربەی ناوەندە راوێژکارییەکان بەهای راستەقینەی یوتیووبیان بە 600 ملیۆن دۆلار، ئەوپەڕی بە یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرد.
ئەوکاتە، تەنیا یەک ساڵ بەسەر دامەزراندنی یوتیوب لەلایەن سێ کارمەندی کۆمپانیای ( پەی پاڵ)ـەوە تێدەپەڕی. پەی پاڵ، تایبەت بوو بە گواستنەوەی پارە لە رێگەی ئۆنلاینەوە. یوتیوب قازانجێکی ئەوتۆی نەبوو، داهاتی کەمتر بوو لە 15 ملیۆن دۆلار، خەرجییەکانیشی زیاتربوون لە داهاتی، بەتایبەتی بەهۆی خەرجی راگرتن و کارپێکردنی سێرڤەرەکانی. گووگڵ کە یوتیووبی کڕی، گرەوی لەسەر ئەوە کرد کە لە داهاتوودا ژمارەی ئەو کەسانەی بەکاری دەهێنن زیاد دەبێت. هەرواش دەرچوو.
گریمان حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکاتە ئاگاداری ئەو کڕین و فرۆشتنە بوایە، بۆ نموونە لە رێگەی (ئومێد کوردستانی)، کە ئەوکات ئەو بەڕێوەبەرە کوردە لە گووگڵ یەکێکبوو لە 5 بریاربەدەستانی گووگوڵ. ئومێد کوردستانی ئەوکات بەڕێوەبەری بازرگانی و فرۆشی جیهانیی گووگڵ بوو. گریمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای هاوبەشی لە کۆمپانیای گوگڵ دەکرد و 49%ـی پشکەکانی یوتیوبی دەکڕی و 51%ـی پشکەکانی یوتیوبیش بۆ گووگڵ دەمایەوە، ئەوەش بە وەبەرهێنانی 808 ملیۆن دۆلار کە دەیکردە 49%ـی پارەی کڕینی یوتیوب لەو کات دا.
هەفتەی رابردوو کۆمپانیای ئەلفابێت، راپۆرتی دارایی چارەکی دووەمی خۆی بڵاوکردەوە. لە ماوەی سێ مانگی دووەمی ئەم ساڵ دا 86.3 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، لەو بڕە پووختەی قازانجی 25.1 ملیار دۆلار بوو، بەڵام داهاتی یوتیوبی کۆمپانیاکە زۆر سەرنجڕاکێشە. لە ماوەی سێ مانگ دا بە تەنیا پلاتفۆرمی یوتیوب 9.8 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە. هەموو خەرجییەکانی بەکارخستنی یوتیوب لەو ماوەیەدا بە زیادەوە لێی دەربکەیت، پووختەی قازانجی یوتیوب لەو سێ مانگەدا 5.15 ملیار دۆلاربووە و لە مانگێکدا 1.72 ملیار دۆلارە. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان 49٪ـی یوتیوبی هەبوایە، پشکەکەی لە پووختەی قازانجی مانگانە دا دەیکردە 858 ملیۆن دۆلار، یان بە نرخی فەرمیی دینار دەیکردە 1.12 تریلیۆن دینار کە بەشی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و بەکارخستنیشی دەکرد.
سەرچاوەکانی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری پێویستە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و خەرجی بەکارخستنی داوودەزگاکانی. رەنگە بە یەک ملیار دۆلار هەندێ پارەش بمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان.
لەبەر خەرجی زۆری بەرهەمهێنان، هەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت و خەرجی گواستنەوە و هەناردەکردن، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کات نەیتوانیوە بە داهاتی فرۆشتنی نەوت، تەواوی بودجەکەی دابین بکات. ئێستاش لەژێر رۆشنایی ئەو رێککەوتنە دەڵەمەیەی کە لەگەڵ بەغدا کردوویەتی، رازیبووە فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت بداتە دەست کۆمپانیای سۆمۆ. ناچاریشە تەنانەت زیاتر لە نیوەی داهاتی نێوخۆیی بداتە بەغدا، بەتەنیا لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق رازیبێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
کەواتە لە باشترین دۆخی پەیوەندی ئەرێنیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئەوان هەر مووچەی مووچەخۆران دابین دەکەن و بڕە پارەیەکی کەمیش بۆ خەرجی بەکارخستن و خەرجی وەبەرهێنان. (جگە لە مووچە، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق دوو بەشەکەی دیکەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق نەداوە).
ئەوەی کە روونە لە باشترین دۆخدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی 100 تاوەکو 120 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە، (50٪ـی داهاتی نێوخۆیی) کە دەتوانێت بۆ وەبەرهێنان لە پڕۆژەی ژێرخان و خەرجیی بەکاربردن تەرخانی بکات، بەڵام ئەو بڕە بەشی جێبەجێکردنی هیچ پڕۆژەیەکی ژێرخان و ستراتیژی ناکات. بێننە بەرچاوی خۆتان، پڕۆژەیەکی وەک دامەزراندنی تۆڕی ئاوەڕۆ و زێرابی هەولێر نزیکەی سێ تاوەکو چوار ملیار دۆلاری دەوێت. دروستکردنی ریگەی خێرای بۆ نموونە نێوان سلێمانی و هەولێر لانیکەم یەک ملیار دۆلاری پێویستە. دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی کارەبا بە توانای 1000 مێگاوات، ئێستا رەنگە زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری پێویست بێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، ناتوانێت لە بازاڕی نێودەوڵەتی سەرمایە، یان لە ناوەندە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک بانکی جیهانی قەرز بکات. کەواتە ئەم پارانە لە کوێ دەستبخات بۆ نۆژەنکردنەوە و بووژانەوەی ژێرخان کە پێشمەرجی گەشەی ئابوورییە.
هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی داهاتوودا هیچ گەشەیەکی ئابووریی ئەوتۆ بەخۆیەوە نابینێت، ئەگەر هەندێ رێگەچارەی نوێ نەگرێتەبەر.
ئاسۆی ئابووریی عێراق
بەپێی ناوەندە داراییە گەورەکانی جیهان، داهاتووی ئابووری عێراق ناڕوون و متمانە پێکراو نییە. هۆکارەکەی زۆر سادەیە، 90٪ـی ئابووریی عێراق گرێدراوی داهاتی نەوتە. بۆ نموونە ئەگەر چاوێک بە نوێترین زانیارییەکانی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی شەشی ئەم ساڵ دا بگێڕین، بە گوێرەی خۆیان زیادیکردووە بۆ 6.7 ملیار دۆلار، بەڵام عێراق مانگانە پێویستی بە 6 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی مووچە. ئەمە لە کاتێکدایە نرخی نەوتی برێنت لە ئاستی ئێستای نزیکەی 68 دۆلار دانەبەزێت. ئەگەر لەم ئاستە زیاتر دابەزێت ( زۆربەی ناوەندەکان پێشبینی دەکەن زیاتریش دابەزێت بۆ نزیکەی 60 دۆلار)، ئەوا حکومەتی عێراقیش مووچەی مووچەخۆرانی پێ دابین ناکرێت. تەنیا رێگە چارەی ئەوکاتە، دەستبردنە بۆ یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق، کە نزیکەی 100 ملیار دۆلارە.
بەڵام تاوەکو کەی دەتوانێت لە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق کەڵک وەرگرێت. لە راستی دا بەپێی دوایین راپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتی دراو کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، بەو یەدەگی 100 ملیار دۆلارییەوە، عێراق ئەگەر داهاتی نەوتی کەم بکات، تەنیا دەتوانێت بەشی 11 مانگ خەرجییەکانی بۆ هاوردەکردنی کاڵاو شتومەک دابین بکات. لەبەرئەوەیە سندووقی نێودەوڵەتی دراو هۆشداری لە داهاتووی عیراق دەدات.
پێشنیاز و رێگەچارە
تاوەکو ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، ئەستەمە بەو سیاسەتە ئابوورییەی کە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێی دەکات، لەڕووی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت. لەبەرئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بیر لە دۆزینەوەی هەندێ رێگەچارەی زیرەکانە بکاتەوە.
ئەگەر لە داهاتوودا لە کۆی داهاتی نەوت ( کە دەکەوێتە دەست سۆمۆ) و داهاتی نێوخۆیی، تەنیا نیوەی داهاتی نێوخۆیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە، کەواتە بۆ گەشەپێدانی ئابووری، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت سەرچاوەی دیکە بدۆزێتەوە.
زیادکردنی داهاتی نێوخۆیی لە رێگەی سەپاندن و بەرزکردنەوەی باج و رەسوماتی گومرگی لە دەروازەکان، چارەسەرێکی باش نییە، لەبەرئەوەی لە کۆتاییدا نیوەی بۆ حکومەتی فیدراڵی دەڕوات و زیادکردنەکەش سنووردارە. ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت داهاتی نێوخۆیی لە رێگەی بەرزکردنەوەی چەندین جۆری باج و رسوماتی گومرگی بەرز بکاتەوە، زیانی گەورە لە هەستی بەکارهێنان( واتە لاوازکردنی بازاڕ)، لە هەستی وەبەرهێنان و جووڵەی بازرگانی دەدات کە دۆخی ئابووری دەباتە ئاقاری سستبوونەوە.
بەپێچەوانەوە، پێویستە جۆرەکانی باج و رسوومات لەسەر هاووڵاتی، کۆمپانیا و بازرگانەکان کەمبکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن گەشە بکەن.
رەنگە تەنیا رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەوە بێت کەرتی تایبەت بە چەشنێک گەشە پێبدات کە ئەوان بتوانن سامانی وڵات زیادبکەن و گیرفانی هاونیشتمانییان گەورە بکەن. ئەگەرنا خۆی بژاردەیەکی دیکەی بەرچاوی لە بەردەستدا نییە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سندووقێکی سەروەریی یان وەبەرهێنان پێکبێنێت و دەستی عێراقی لێ بەدووربخاتەوە. دەتوانێت ساڵانە یان مانگانە لە رێگەی تەرخانکردنی بەشێکی بچووک لە داهاتی نێوخۆیی، ئەو سندووقە لە رێگەی وەبەرهێنانی زیرەکانە لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دا لەسەرخۆ گەورە بکات. ئینجا چ بە کڕینی پشکی کۆمپانیایەکی نێوخۆیی بێت یان نێودەوڵەتی.
ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێشنیازکردنی یاسا و رێسای نوێ کە پەرلەمان پەسندی بکات، رکابەریی دادوەرانە و یەکسان بۆ گەشەکردنی کۆمپانیاکان و بازرگانییەکان بڕەخسێنێت، بە چەشنێک کە یارمەتیدەریان بێت ئەو کۆمپانیانە ببنە کۆمپانیای گەورەی ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، ئەوا وەرچەرخانێکی گەورە روودەدات. حکومەت دەتوانێت لە ریگەی ئاسانکاریکردن یان کڕینی بەشێک لە پشکی ئەو کۆمپانیانە، داهاتی خۆی زیاد بکات. مەرج نییە کڕینی بەشێک لە پشکی کۆمپانیاکان، پارەی زۆری پێویست بێت. هەندێ لە کۆمپانیاکان داهێنانی تەکنەلۆژیا و زیرەکانەن کە داهاتوویەکی گەشیان هەیە. رەنگە کڕینی بەشێک لە پشکی کۆمپانیا گەورەکان بکرێت لە رێگەی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژە یان ئاسانکاری دیکە ئەنجام بدرێت.
دەیان کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان ئەو توانایانەی هەیە کە ببنە کۆمپانیای ناوچەیی و نێودەوڵەتی. کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم، کۆمپانیاکانی پێشەسازیی قورس، وەک پاڵاوگەکان و چیمەنتۆ و ئاسن لە هەرێمی کوردستان دا خاوەنی ئەو توانایەن.
رەنگە بۆ گەشەکردن و زیادبوونی سەرمایەی ئەو کۆمپانیانە و کۆمپانیای دیکەش کە لە داهاتوودا دروست دەبن، پێویست بێت بازاڕی بۆرسەی هەرێمی کوردستان دووبارە بیری لێبکرێتەوە و ببێتە بازاڕێکی ئازاد و روونی سەرمایە کە هاونیشتمانی و بازرگان و کۆمپانیاکان بتوانن مامەڵەی تێدابکەن و لەو رێگەیەوە بەشداربن لە گەورەکردنی سەرمایە و سامانی وڵات. هەندی لە ستارت ئاپە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا هێندە بەباشی لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوەدەبرێن کە توانای رکابەرییان لەگەڵ ئەوانەی بیانی دا هەیە. بۆ نموونە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای دیلیڤەری کە رەنگە چەند سەت هەزار دۆلاری تێچووبێت تاوەکو دروستکرابێت، ئێستا هێندە گەورە بووە کە بەهاکەی بۆ دەیان ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە. دوور نییە کۆمپانیایەکی گەورەی وەک ئوبەر، یان ئەمەزۆن بێنە هەرێمی کوردستان و بە سەدان ملیۆن دۆلار ئەو ستارت ئاپانە بکڕێت. داهێنان سنوور ناناسێت، کێ دەڵی ناتوانین پلاتفۆرم یان بەرهەمێکی تەکنەلۆژیا یان کۆمپانیایەک دروستبکەین کە بتوانێ هاوچەشنی پلاتفۆرمی یوتیوب ببێتە سەرچاوەی نایابی داهات بۆ کەرتی تایبەت و بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش. ئەگەر ئەوە رووبدات، رەنگە لە داهاتوودا هێندە پێویست بەوە نەکات چاوەڕێی بەغدا بکەین کەی مووچە دەنێرێت و کەی بە ئارەزووی خۆی یاری بە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ