رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، رۆژی چوارشەممە دوایین وادەیە بۆ ناردنی 618 ملیارەکە ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانە و وەزیری دارایی عێراقیش ناتوانێت ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان رابگرێت.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی پابەندە بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی ناتوانێت بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ نەکات.
وەکو جەمال کۆچەر باسی دەکات، تێکەڵییەک لەنێوان بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دروستبووە، "ئەم 618 ملیار دینارە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە نەک مووچە." هەروەها "تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی لەبارەی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نابێتە لەمپەڕ لەبەردەم ناردنی بەشەبودجە."
لەبارەی تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیش لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، "ئاسایی و رۆتینین،" بەڵام رەتیکردەوە راگرتنی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە لیستی مووچەخۆرانەوە هەبێت.
"ئێستا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو لیستی مووچەخۆرەکانی پاک بکاتەوە،" جەمال کۆچەر وای گوت.
رۆژی 14-1-2024، دوای سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە سوودوەرگرتن لەو پارەیە و کۆکردنەوەی لەگەڵ داهاتی نێوخۆ، مووچەی مووچەخۆران دابەش دەکات.
وەکو جەمال کۆچەر باسی کرد، رۆژی چوارشەممە، دوایین وادەی ناردنی بەشەبودجەی مانگی یەکی هەرێمی کوردستانە کە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران رێژەی 12.67٪ وەکو پشکی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە، "ئەگەر سبەی پارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکرێت، ئەوا رێکارە پەرلەمانییەکان بەرامبەر وەزارەتی دارایی دەگرینەبەر."
بەپێی ناردنی ئەو بڕەپارەیە تاوەکو هەمواری یاسای بودجە بەردەوام دەبێت. جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی زانیارییەکانی ئەوان، لە نیوەی دووەمی مانگی شوباتدا رەشنووسی هەمواری یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ