کۆمپانیای فۆرد وەبەرهێنانێکی گەورە لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکات

30-09-2021
رووداو @Rudawkurdish
بایدن دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2030 دەبێت لانیکەم 50%ی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکانن، ببنە کارەبایی
بایدن دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2030 دەبێت لانیکەم 50%ی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکانن، ببنە کارەبایی
نیشانەکردن فۆرد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای فۆردی ئەمریکی رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای "ئینۆڤەیشن"ی کۆریای باشوور 11.4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی هاوبەش دەکەن بۆ دروستکردنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پیکاپی کارەبایی فۆرد کە بە F-150 ناسراوە.
 
جگە لە دروستکردنی ئەو کارگەیە، دوو کۆمپانیا ە سێ کارگەی نوێی بەرهەمهێنانی پاتری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەمەزرێنن.
 
F-150 پیکاپە کارەباییەکەی کۆمپانیای فۆردە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەرەتای مانگی رابردوو سەردانی ئەو کارگەیەی کرد کە بەرهەمی دەهێنێت و لێیخوڕی و جەختی لە پلانی ژینگەیی ئیدارەکەی کردەوە کە دەبێت تاوەکو  2030 بگەنە ئەو ئاستەی لە شەقامەکانی ئەمریکا نیوەی ئۆتۆمبێلەکان ببنە کارەبایی.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بەنیازی واژۆکردنی بڕیارێکم لەسەر ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 دەبێت لانیکەم 50%ی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکانن، ببنە کارەبایی".
 
کۆمپانیای فۆرد رایگەیاندووە، تاوەکو ساڵی 2030 بە رێژەی 40% تاوەکو 50%ی ئۆتۆمبێلەکانی دەکاتە کارەبای و دەڵێت، 11 هەزار هەلی کار بەهۆی کردنەوەی کارگە نوێیەکانی لە ویلایەتی تێنێسی و کێنتاکی دەڕەخسێنێت.
 
کردنەوەی کارگەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی پاتری و ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەگۆڕێت کە کارگەکانی تێدا دادەمەزرێت. بەرپرسانی کۆمپانیای فۆرد بەنیازن تاوەکو ساڵی 2030 بە بڕی 30 ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی خەرج بکەن.
 
وەبەرهێنانە 11.4 ملیار دۆلارییەکەی کۆمپانیای فۆرد بە گەورەترین وەبەرهێنان لە مێژووی 118 ساڵەی دامەزراندنی کۆمپانیاکە ئەژمار دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە