رووداو دیجیتاڵ
لە قەڵای هەولێر میوانداریی ماڵی میوزیکیی زەهاوی کرا، ئەمجارە کۆنسێرتێکی تایبەت بوو بە خانمە گۆرانیبژێک و گرووپەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گرووپی "سۆلی فیوژن" لە سلێمانی.
ئاسۆ فەلاحی، لەگەڵ گرووپەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووە هەولێر و بە رووداوی راگەیاند: "11 ساڵە کاری هونەری دەکەم. لە زانکۆی تاران بەشی میوزیکی کلاسیکی جیهانی و ئامێری گیتارم خوێندووە و تەواوم کردووە. ئەمە ئەزموونە بۆ من زۆر باش بوو. بۆیە ئێمە لە ئێران ناتوانین بە ئاسوودەیی کۆنسێرت بۆ ژن دابنین و بەرنامەیەکی بۆ دابنین. بۆیە ئێمە بەرنامەکانمان بە شێوازی تایبەت بوو. بەڵام ئەم کۆنسێرتە بۆ من بوو بە شتێکی زۆر جیاواز".
ژیوەر حوسێن لەگەڵ گرووپی "سۆڵی فیوژن" لە سلێمانییەوە هاتووەتە هەولێر و بە رووداوی راگەیاند: "من نزیکەی سێ ساڵە دەستم کردووە بە گۆرانیوتن. ئەم شەو لەگەڵ هاوڕێیانم لە سلێمانییەوە بەناوی گرووپی سۆلی فیوژنەوە هاتووین کۆنسێرتێک لە ژێر ناوی زەهاوی میوزیک هاوس لەسەر قەڵا پێشکێش بکەین، زۆر سوپاسی کاکە هەژار دەکەین بۆ رەخساندنی ئەم کۆنسێرتە".
ئەم وەرزە نوێیەی ماڵی میوزیکیی زەهاوی بۆ ماوەی پێنج مانگ بەردەوام دەبێت، لە کۆتایی هەر مانگێک دوو گرووپی جیاواز، گۆرانی و میوزیک پێشکێش دەکەن و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانە.
هەژار زەهاوی، دامەزرێنەری ماڵی میوزیکیی زەهاوی لەبارەی وەرزی نوێی ماڵەکە، گوتی: "ماوەیەک لەمەوبەر بانگەوازێکمان بۆ ئەم ساڵ بڵاوکردەوە و داوامان کرد ئەو گرووپە کوردییانەی لە چوار پارچەی کوردستانن؛ نموونەی کاریان بنێرن. من زۆر خۆشحاڵ بووم کە 53 گرووپی جۆراوجۆر بەرهەمیان نارد و دەڵێین میوزیکی کوردی میوزیکی یەک ناوچە و یەک شوێن نییە. ئەم ساڵ بایەخمان بەو گرووپە جوانانە داوە چ لە باشوور بن، لە باکوور بن، لە رۆژهەڵات بن، لە رۆژئاوا بن، ئێمە بڕیارمان داوە لە قەڵای هەولێر هەر مانگێک بۆ دوو گرووپ کۆنسێرتێک لەگەڵ بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بۆ رووداو تۆمار بکەین".
یەکێک لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە گوتی: "بەڕاستی بیرۆکەی ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە لەسەر قەڵای هەولێر، زۆر زۆر بە گونجاوم زانی. چونکە لێرە هەم شوێنێکی مێژووییە، هەم بە ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە ئەو نەوە نوێیەی کە ئەو خەڵکە، ئەو خەڵکەی هەولێرییانە، ئەو گەنجانە بتوانن بێن، هەم بەشداری چالاکییەکە بکەن، هەم مێژووی وڵاتەکەی خۆشیان ببینن".
ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە 2022 راگەیێندرا و ساڵانە کۆنسێرتی جیاواز بۆ هونەرمەندانی بیانی و هونەرمەندانی چوارپارچەی کوردستان رێکدەخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ