رووداو دیجیتاڵ
قشلەی ئاکرێ، ئەو شوێنەی 35 ساڵ لەمەوبەر زیندان و شوێنی ئەشکەنجەدانی رژێمی بەعس بوو، ئێستا بووەتە سەکۆیەک بۆ ژەنینی ئاواز و گوتنەوەی گۆرانی و کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری هونەر.
شەوی پێنجشەممە ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ماڵی میوزیکیی زەهاوی کۆنسێرتێکی لە قشلەی ئاکرێ بۆ هونەرمەندانی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرد و جۆش و خرۆشێکی زۆری خستە نێو دڵی ئامادەبووانەوە.
کۆنسێرتەکە بە میوانداریی گرووپێکی میوزیکی لە شاری وانی باکووری کوردستان و گرووپی (مەجنوونی) لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو. مریەم خانساز، دەنگی رۆژهەڵات و بێریتان مستەفا، دەنگی باکوور، بە گۆرانییەکانیان ئامادەبووانیان بردە جیهانێکی دیکە.
ئەمە دووەم کۆنسێرتی ئەو دوو گرووپە بوو لەگەڵ ماڵی میوزیکیی زەهاوی، دوای ئەوەی شەوی ٢٨ـی تشرینی یەکەم، هەمان کۆنسێرتیان لە ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە مێرگەپان لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێشکێشکرد.
ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سازکردنی ئەو بۆنە هونەرییە لە شارەکەیان دەربڕی.
سۆلین تەیب چالاکڤانە و لەبارەی کۆنسێرتەکە گوتی: "بەتایبەتی هونەری رۆژهەڵات هەستێکی زۆر جیاواز و دڵڕفێنی بۆ من دروستکرد". ڤەهێل ئاکرەیی، فەرمانبەرە و گوتی "کارێکی زۆر جوان بوو، زۆر خۆش بوو. خەڵک وەک گەشتیار هاتبوون و خەڵکی ئاکرێش زۆر حەزیان لێیکرد".
هاوکار سەلیم ئامادەبوویەکی کۆنسێرتەکە بوو و گوتی: "هەستێکی خۆش بوو لەگەڵ ئەم دەنگە جوانانە، بەم میوزیکە کوردییانە ئێمە دڵخۆش بووین". محەممەد تەها ئاکرەیی، هونەرمەندێکی دیاری شارەکە و کوردستانە و لە کۆنسێرتەکە ئامادەبوو و گوتی: "ئەمە خزمەتی گەورەیە بۆ کولتوور و هونەری کوردی رەسەن و بۆ گەلی کورد و کوردستان".
ژیان فەیسەڵ، پارێزەرە و لەبارەی کۆنسێرتەکە گوتی: "کۆنسێرتەکە زۆر جوان رێکخرابوو و دەستی هەموو لایەک خۆش بێت. ئێمە حەزدەکەین بەردەوام ئەم دەرفەتانە بۆ ئاکرێ هەبن". سارا ئیبراهیم، رۆژنامەڤانێکی ئاشوورییە و لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوو و گوتی: "موزیکێکی زۆر خۆش بوو، لەیەکچوونی زۆر هەبوو لەگەڵ موزیکی ئێمەی ئاشووری، بەڕاستی زۆر خۆش بوو".
هەژار زەهاوی، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە بۆ رووداو گوتی: "ئاکرێ بۆ من یەکێکە لە شارە ئازیزەکانی کوردستان، ئەزموونێکی زۆر خۆش بوو لەم شوێنە کە یەک کاژێر و نیو خەڵک دانیشتن گوێیان لە میوزیکی کرماشانی و کەلهوڕی و میوزیکی وان و کرمانجییان گرت".
بێریتان مستەفا، هونەرمەند بەدەم پێکەنینەوە هەستی خۆی دەربڕی و گوتی: "هەستێکی خۆشم هەیە نازانم چی بڵێم، لەو بڕوایەدام لە گۆرانییەکانمدا گوتم".
ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لەلایەن هونەرمەند هەژار زەهاوییەوە دامەزراوە. پڕۆژەکە لەسەر ئەرکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ