رووداو دیجیتاڵ
ماڵی میوزیکیی زەهاوی بە سەرپەرشتیی هەژار زەهاوی، دەفژەنی ناسراوی کورد، بە بەشداریی هونەرمەندانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان کۆنسێرتێکی سازکرد، تێیدا میوزیک بووە زمانی گفتوگۆ و سارێژکردنی برینەکان.
شەوی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، لە پارکی هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شارەکە و میوانان کە بەشێکیان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون، دوو گرووپی میوزیکی لە دوو پارچەی کوردستان، میوزیک و گۆرانیی کوردییان پێشکێشکرد.
هەژار زەهاوی، دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری ماڵی میوزیکیی زەهاوی، بە رووداوی راگەیاند: "هەڵەبجە بۆ من شارێکی زۆر سیمبۆلیکە، شارێکی گرنگە و پڕە لە ئەدیب و هونەرمەند. ویستمان لەم کەشە خۆشەدا دوو گرووپی میوزیک لە رۆژهەڵات و باشوور کۆبکەینەوە و میوزیک و فەرهەنگ بهێنینە ئێرە".
کۆنسێرتەکە بە بەشداریی گرووپی میوزیکیی (نۆژین) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پڕۆژەی میوزیکیی (11:11) لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو.
تریفە ئەمیری، یەکێک لە هونەرمەندانی بەشداربووی گرووپی نۆژین، رایگەیاند: "هەوڵماندا چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری و شاد وەک دیارییەک پێشکێش بکەین تاوەکو بتوانین هەندێک لە قوڵایی برینەکان سارێژ بکەین". گوتیشی: "هەرکات لە هەڵەبجە داوامان لێبکرێت، بە خۆشحاڵییەوە ئامادەین".
ئامادەبووانی کۆنسێرتەکەش بە دڵخۆشییەوە باسیان لە کاریگەریی شەوێکی وا هونەری دەکرد. ئەمیرە سدیق، یەکێک لە ئامادەبووان کە کوڕەکەی وەک ژەنیارێک بەشداربوو، گوتی: "خۆشحاڵم ئەم فێستیڤاڵە جوانە دەبینم. حەز دەکەم هەموو مرۆڤێک لەبری چەک، ئامێرێکی میوزیک هەڵبگرێت، چونکە میوزیک دڵی مرۆڤەکان خۆش دەکات".
ئاتینا کەیهان، تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەشداری لە کۆنسێرتەکە هاتبوو، دەڵێت: "زۆر پێم خۆش بوو لە هەڵەبجە ئاوا کۆنسێرتێک دەکرێت. بە جلی کوردییەوە هاتووم و شەوێکی زۆر خۆشمان پێکەوە بەڕێکرد".
کۆنسێرتەکە وەک تەواوی کۆنسێرتەکانی دیکەی ماڵی میوزیکیی زەهاوی، بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو.
پڕۆژەی هونەریی (11:11) ماوەی دوو ساڵە کار بۆ بەستنەوەی هونەری رەسەنی کوردی بە جیهانی مۆدێرن دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ