رووداو دیجیتاڵ
ماڵی میوزیکیی زەهاوی کۆنسێرتێک لە ئاکرێ بەڕێوەدەبات، تێیدا دوو گرووپی میوزیکی لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری دەکەن و گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی ئەو دوو بەشەی کوردستان پێشکێش دەکەن.
کۆنسێرتەکە کاژێر 17:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەم 2025، بە میوانداریی گرووپێکی میوزیکی لە شاری وانی باکووری کوردستان و گرووپێکی دیکە بەناوی (مەجنوونی) لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قشلەی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت، هاتن بۆ هەمووانە و بەبێ بەرامبەرە.
ئەمە دەبێتە دووەم کۆنسێرتی دوو گرووپەکە لەگەڵ ماڵی میوزیکیی زەهاوی، دوای ئەوەی شەوی 28ـی تشرینی یەکەم، هەمان کۆنسێرتیان لە ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە مێرگەپان لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێشکێشکرد.
لە هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی چوارشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2025 کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و سیپان رۆژهەڵاتی ئامادەکارییەتی، میوانداریی هەژار زەهاوی، سەرپەرشتیاری ماڵی میوزیکیی زەهاوی و بێریتان مستەفا و مریەم خانساز بەشداربووی کۆنسێرتەکە کرا و گفتوگۆ لەبارەی کۆنسێرتەکە کرا.
هەژار زەهاوی، رایگەیاند، ئامانجیان لەم کۆنسێرتانە ئاشناکردنی خەڵکی کوردستانە بە شێواز و زاراوە جیاوازەکانی میوزیکی کوردی. زەهاوی گوتی: "خۆشحاڵین کە دوو ستایلی جیاوازی میوزیکی کوردی، لە دوو بەشی جیاوازی کوردستانەوە، لەسەر یەک شانۆ کۆدەکەینەوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە 20 کانوونی یەکەم، دوایین کۆنسێرتی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە 2025 دەبێت و تایبەت دەبێت بە شەوی یەڵدا.
مریەم خانساز، یەکێک لە بەشداربووانی کۆنسێرتەکە، لەبارەی بەشداریکردنی گوتی: "ئێمە دەمانەوێت فەرهەنگ و کولتووری زمانی کەلهوڕی بە خەڵکی خۆشەویستی بادینان بناسێنین. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی جوانییەکانی ئەم دوو دیالێکتە پێکەوە نمایش بکەین".
ئاماژەی بەوەشدا، یەکەمجارە سەردانی ئاکرێ دەکات و زۆر بە پەرۆشە بۆ بینینی کاردانەوەی خەڵکی ئاکرێ بەرامبەر بە میوزیکەکەیان. دواتر پەیامێکی بە شێوەزاری کەلهوڕی ئاڕاستەی خەڵکی ئاکرێ کرد و بانگهێشتی کردن بۆ کۆنسێرتەکە. گوتیشی، چەند مەقام و گۆرانییەک بە شێوەزاری کەلهوڕی پێشکێش دەکەن.
بێریتان مستەفا، باسی لەوە کرد، ئەو زیاتر شەیدای دەنگبێژانی کوردە، لەوانەش شاکرۆ، مریەم خان و ئایشە شان و گوتی: گۆرانی لای ئەو وەک گوڵ وایە، ئەگەر بۆنی خۆش بێت خۆشە، ئەگەر ناخۆشیش بێت کەوایە ناخۆشە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەی ئەمڕۆ لە ئاکرێ، پێنج بەرهەم پێشکێش دەکات، چوار گۆرانی و بەرهەمێکی دەنگبێژییە.
دواتر هەردوو گۆرانیبێژ، بە دەنگی خۆیان دوو بەرهەمی جیاوازیان لە نێو ستۆدی پێشکێشکرد.
ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021 لەلایەن هەژار زەهاوییەوە دامەزرا. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی دارایی پڕۆژەکە دەکات و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ