گانی میرزۆ لە ئیستەنبووڵ باسی پەیوەندیی نێوان میوزیکی کوردی و فلامینکۆ دەکات

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن گانی میرزۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پلاتفۆرمی کولتووری و هونەریی (چالاک ئیڤێنتس)، یەکەمین بەرنامەی خۆی بۆ ساڵی 2026 بە میوانداریی گانی میرزۆ، هونەرمەندی ناسراوی کورد دەستپێدەکات.
 
لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی (سحبەتێن چایێ) کە گەیشتووەتە 34ـەمین بەرنامەی خۆی، گانی میرزۆ سیمینارێک لەژێر ناونیشانی (زریاب، فلامینکۆ و میوزیکی کوردی) پێشکێش دەکات.
 
بڕیارە چالاکییەکە کاژێر 17:00ـی سبەی یەکشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026 لە نینۆڤا کافێ لە شاری ئیستەنبووڵ بەڕێوەبچێت و نووسەر مەولوود ئۆغوز سیمینارەکە بەڕێوە دەبات. بەشداربووان لە نزیکەوە ئاشنای پەیوەندیی نێوان میوزیکی کوردی و فلامینکۆ دەبن و دەتوانن بە پرسیار و سەرنجەکانیان بەشداریی گفتوگۆکە بکەن.
 
گانی میرزۆ ساڵی 1968 لە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، چووەتە حەلەب و دوو ساڵ لەوێ بەشی میوزیکی خوێندووە. 
 
پاشان گەڕاوەتەوە قامیشلۆ و وەک مامۆستای میوزیک کاری کردووە. ئەم هونەرمەندە کوردە دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی، رووی لە ئەورووپا کردووە و زیاتر لە 20 ساڵە لە بارسێلۆنای هەرێمی کەتەلۆنیا نیشتەجێیە و لەوێ بەردەوامی بە کارە هونەرییەکانی دەدات.
 
(چالاک ئیڤێنتس) پلاتفۆرمێکی سەربەخۆیە و بنکەکەی لە شاری ئیستەنبووڵە، ئامانجی کۆکردنەوەی گەنجانی کوردە لە دەوری کولتوور، هونەر و ئەدەب. ئەم پلاتفۆرمە بە تایبەتی بە زنجیرە چالاکییەکانی (سحبەتێن چایێ) ناسراوە، تێیدا نووسەران، هونەرمەندان، ئەکادیمیان و کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد بانگهێشت دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ گەنجان. جگە لەوەش، پلاتفۆرمەکە وۆرک شۆپ، پێشانگە و چالاکیی جۆراوجۆر رێکدەخات بە مەبەستی دروستکردنی کەشێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بە زمانی کوردی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە