بیۆنسێ خاوەنی پڕداهاتترین گەشتی میوزیکیی کەنترییە لە مێژوودا

30-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن بیۆنسێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای لایڤ نێیشن رایگەیاند، گەشتی هونەریی "Cowboy Carter"ـی بیۆنسێی، گۆرانیبێژی ئەمریکی، بووەتە پڕداهاتترین گەشتی هونەری لە مێژووی میوزیکی کەنتریدا و داهاتەکەی 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە.
 
ئەو کۆمپانیایە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، بیۆنسێ چەندین رێکۆردی دیکەشی شکاندووە و بووەتە خاوەنی پڕداهاتترین گەشتی هونەری لەسەر ئاستی هونەرمەندە رەشپێستەکان، هەروەها پڕداهاتترین گەشتی مێژووی میوزیکی ئار ئاند بی.
 
بیۆنسێ تەمەن 43 ساڵ، وەک یەکەم هونەرمەندی ژن و یەکەم هونەرمەندی ئەمریکی، ناوی چووەتە نێو مێژووەوە کە دوو گەشتی هونەریی جیاوازی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووبێت.
 
بیۆنسێ لە کۆتایی مانگی نیسانی 2025 گەشتەکەی لە لۆس ئەنجلس دەستپێکرد، تێیدا گۆرانیی "Texas Hold 'em" و چەندین گۆرانیی دیکەی بە ستایلی کەنتری پێشکێشکرد، لە کاتێکدا دوو کچەکەشی لەسەر شانۆ لەگەڵیدا دەرکەوتن.
 
رۆژی شەممەی رابردوو، بیۆنسێ لە لاس ڤێگاس کۆتایی بە گەشتە رێکۆردشکێنەکەی هێنا. لە کۆنسێرتی کۆتاییدا، هەریەک لە جەی-زی هاوژینی، گرووپە کۆنەکەی "Destiny's Child" و گۆرانیبێژ شابوزی وەک میوانی تایبەت بەشداربوون.
 
گەشتەکە 32 نمایشی لەخۆگرتبوو کە لە یاریگەکانی ئەمریکای باکوور، بەریتانیا و ئەوروپا بەڕێوەچوون و سەرجەم بلیتەکانیان فرۆشراون، کە کۆی داهاتەکەیان 400 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
گەشتی هونەریی "Eras"ـی تایلۆر سویفتی گۆرانیبێژی پۆپ، کە لە ئاداری 2023ـەوە تاوەکو کانوونی یەکەمی 2024 بەردەوام بوو، بە پڕداهاتترین گەشتی هونەری لە مێژوودا هەژمار دەکرێت و زیاتر لە دوو ملیار دۆلار داهاتی هەبوو.
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە