رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی نیویۆرک داواکاریی ئازادکردنی شۆن "دیدی" کۆمبس، راپەری ناسراوی ئەمریکی بە کەفالەت رەتکردەوە و بڕیاریدا تاوەکو کاتی دەرکردنی سزاکەی، لە زینداندا بمێنێتەوە.
بڕیارەکەی دادگە دوای ئەوە هات کە لایەنی داواکاری گشتی نیگەرانیی خۆی نیشاندا؛ ئەگەر بە شێوەیەکی کاتی ئازاد بکرێت، ئەگەری هەڵاتنی ئەو راپەرە بۆ دەرەوەی ئەمریکا هەیە.
رۆژی چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2023 (بە کاتی ئەمریکا)، دەستەی سوێندخۆران، دیدییان بە تۆمەتی "قاچاخچێتی بە مرۆڤ بە مەبەستی ناچارکردنیان بۆ لەشفرۆشی" تۆمەتبارکرد، بەڵام تۆمەتە قورسەکانی دیکەی وەک "پارەسەندن بە زۆر و بازرگانیکردن بە مرۆڤ"یان لەسەر هەڵگرت.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە (بە کاتی ئەمریکا)، دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسییەی ئەو راپەرە بدات. لایەنی داواکاری گشتیش پێشبینی دەکات سزای نزیکەی 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت.
لە ئەیلوولی 2024 دیدی دەستگیرکرا، دوای ئەوەی تۆمەتی توندوتیژی و بازرگانیکردنی بە مرۆڤی ئاراستە کرا. لە بەرامبەردا، ئەو راپەرە هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.
ئەو راپەرە لە ساڵانی نەوەتەکانەوە وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین راپەر و گۆرانیبێژانی هێپ هۆپ لە ئەمریکا ناوبانگی دەرکرد، چەندین خەڵاتی میوزیکی بردووەتەوە، لەوانەش خەڵاتی گرامی و ملیۆنان کۆپیی لە ئەلبوومەکانی فرۆشراون.
دیدی (54 ساڵ) لە 16ـی ئەیلوولی 2024 بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەستگیرکرا، لەبەرامبەردا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە. ژمارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون گەیشتووەتە 120 تۆمەت.
مارک ئەگنیفیلۆ، پارێزەری ئەو راپەرە پێشتر رایگەیاندبوو، داواکاری گشتی دەیەوێت سێکسکردن بە رەزامەندی هەردوولا؛ بکەنە تاوان لەسەر دیدی. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، دیدی، پلانی هەیە بۆ ئەوەی بێتاوانی خۆ لە دادگە بسەلمێنێت.
پێشتر داواکاری گشتی چەند بەڵگەیەکیان بۆ پاریزەرانی دیدی خستبووەڕوو، بەتایبەت ئەو بەڵگانەی لە مۆبایلەکەیدا هەبوون و لە رێگەی ئایکڵاودەکەی وەرگیراون کە لەسەر 40 مۆبایل بەکارهاتوون.
شۆن "دیدی" کۆمبس، وەک راپەر و بەرهەمهێنەر ناسراوە و سێ جار خەڵاتی گرامی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ