راغب عەلامە کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکات

05-09-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن راغب عەلامە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راغب عەلامە، هونەرمەندی لوبنانی، بە مەبەستی سازکردنی کۆنسێرتێک، سەردانی هەولێر دەکات.
 
ریمۆند عەبود، بەڕێوەبەری هۆڵی 'ئێم ئای ناین' و رێکخەری کۆنسێرتەکە، بە رووداوی راگەیاند، هونەرمەند راغب عەلامە، لە 22-9-2022 کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە هەولێر سازدەکات و بڕیارە لە 20 ئەم مانگە بگاتە هەولێر.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە لە هۆڵی 'ئێم ئای ناین' بەڕێوەدەچێت کە جێگەی دوو هەزار و 400 کەسی تێدا دەبێتەوە و هونەرمەند عەدنان کەریم لە 16-9-2022 یەکەم کۆنسێرتی تێیدا دەگێڕێت.
 
روونیشیکردەوە، لە دوای کۆنسێرتەکەی راغب عەلامە، رۆژی دواتر کۆنسێرت بۆ میریام فارس، هونەرمەندی لوبنانی و مەحموود ترکی، هونەرمەندی عێراقی سازدەکرێت و لە ماوەی داهاتوودا کۆنسێرت بۆ هونەرمەندانی دیکە سازدەکەن.
 
هەر لە کۆنسێرتی 22 ئەم مانگە، هەردوو گۆرانیبێژی عێراقی دموع تحسین و محەممەد فارس بەشدار دەبن.
 
راغب عەلامە لە 7-6-1962 لە لوبنان لە دایکبووە، رەگەزنامەی کەنەدی هەیە، یەکەم گۆرانیی بەناوی 'ئیتفەرەج عەلحەلاوە' بڵاوکردووەوە و لەرێگەی گۆرانی 'یا بنت سولتان' بەناوبانگ بووە.
 
خاوەنی 19 ئەلبوومی گۆرانییە، جگە لە گۆرانی سۆزداری و خۆشەویستی، خاوەن ئەلبوومێکی ئاینیشە بەناوی 'یا رب یا ئەڵڵا' کە لە 1999 بڵاویکردەوە و لە 2013 وەک باڵیۆزی ئاشتی و نیەت چاکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکرا و پێشتریش سەردانی هەولێری کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە