هونەرمەندێک هەوڵدەدات شمشاڵ بەناوی کورد لە یونسکۆ تۆمار بکات

05-10-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
بەشداریی کاوە داوەری لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)
بەشداریی کاوە داوەری لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)
نیشانەکردن شمشاڵ رۆژی هیوا جەمال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی میوزیک بە ناوی کاوە داوەری، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی شمشاڵ وەک موڵکی کورد لە رێکخراوی یوونسکۆ تۆمار بکات و بیکاتە ئامێرێکی جیهانیی. داوەری 10 ساڵ لەمەوبەر لە ئێران شمشاڵی وەکو میراتی کورد تۆمار کردووە. بەڵام وەک خۆی دەڵێت، "تەنیا ئەمە خواستی من نییە، بەڵکو دەمەوێت جیهان شمشاڵ وەکو موڵک و میراتی کورد بناسێت". 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 5-10-2025، کاوە داوەری، ژەنیار و مامۆستای شمشاڵ، لە لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەوڵی بە جیهانیکردنی شمشاڵ، چیرۆکێکی 18 ساڵەی لە پشتە کە دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانێک کە بە مامۆستای کۆچکردوو، قالە مەڕەی داوە.داوەری دەڵێت: "18 ساڵ لەمەوبەر، کاتێک لە خزمەتی مامۆستا قالە مەڕەدا بووم، یەکێک لە خەمەکانی ئەوە بوو کە دەیگوت خەمی ئەوەم هەیە بەدوای خۆمدا شمشاڵ لەناونەچێت. منیش ئەو کاتە پێمگوت هەتا بتوانم لە دەست و دەسەڵاتمدا بێت، هەوڵی بۆ دەدەم".
 
ئەو هەوڵانە بێ ئەنجام نەبوون؛ 10 ساڵ لەمەوبەر شمشاڵ وەک ئامێرێکی کوردی لە ئێران تۆماری میللی بۆ کرا، بەڵام ئامانجی گەورەتر ناساندنیەتی بە جیهان. کاوە داوەری دەڵێت: "رێگەیەک نەبوو بۆ تۆماری نێودەوڵەتی، بۆیە دەبوو هەنگاو بە هەنگاو کار بکەین تا بتوانین یەکەمجار تۆماری دنیایی لە یوونسکۆ بۆ بکەین".
 
وەسیەتەکەی قالە مەڕە بۆ دانانی شمشاڵەکەی لە مۆزەخانەی هەولێر جێبەجێ نەکراوە
کاوە داوەری دەڵێت: "وەسیەتی مامۆستا قالە مەڕە ئەوە بوو کە شمشاڵەکەی لە مۆزەخانەی هەولێر دابنرێت"، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو وەسیەتە جێبەجێ نەکراوە و شمشاڵەکە لای بنەماڵەکەی ماوەتەوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنەکە، داوەری روونیکردەوە: "یەکەمیان ئەوەیە کە مۆزەخانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە داواکاریی فەرمی بکات بۆ هێنانەوەی، بنەماڵەکەش ئامادەن. بەهۆی هەندێک کێشەوە دواکەوت، بەڵام ئێستا بنەماڵەکەی ئامادەن هەر کاتێک داواکارییەکە بکرێت، شمشاڵەکە بهێنن بۆ مۆزەخانەی هەولێر".
 
ئێستا شمشاڵ تەنیا لە مەقامە کوردییەکاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو لەڕێگەی کاری ئەکادیمییەوە، توانیویەتی بچێتە ناو ئۆرکێسترا جیهانییەکانەوە و لەگەڵ دەیان ئامێری دیکەدا بژەنرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو ئەو رۆژەی کە دەنگی ئەم ئامێرە کوردییە لە هەموو جیهاندا ببیسترێت.
 
هەوڵەکانی کاوە داوەری تەنیا لە بواری ژەنین نییە، بەڵکو پشتئەستوورە بە لێکۆڵینەوەی قووڵی ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی. ناوبراو خاوەنی دوو بەرهەمی چاپکراوی گرنگە کە وەک بنەمایەکی تیۆری بۆ کارەکانی دادەنرێن:
یەکەمیان کتێبی (شمشاڵ: نەوای هەناسەی چیا - Shmshal: Voice of the Mountain Breath) کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر مێژوو، پێکهاتە و گرنگیی کولتووریی ئامێری شمشاڵ. کتێبی دووەمیشی بە ناوی "ئاوازی چیا و با"، بە شێوەیەکی گشتگیرتر قسە لەسەر میوزیکی رەسەنی کوردی دەکات. داوەری لە رێگەی ئەم دوو کتێبەوە دەیەوێت پارێزگاری لە رەسەنایەتیی میوزیکی کوردی و شمشاڵ بکات و وەکو سەرچاوەیەکی ئەکادیمیش بۆ هەوڵەکانی بۆ ناساندنی ئامێرەکە لە جیهاندا؛ بەکاریان بهێنێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەفتە نمایشی جلوبەرگی داکار. وێنە؛ AFP

داکار جیاوازتر لە پایتەختەکانی فاشن دیزاینەکانی لە نێو بەلەم نمایش دەکات

بیست و سێیەمین خولی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی داکار لە سێنیگال، بە شێوازێکی جیاواز و چاوەڕواننەکراو بەڕێوەچوو؛ لەجیاتی هۆڵە داخراوەکان و رۆیشتن لەسەر فەرش، مۆدێلەکان لەسەر بەلەمی ماسیگران و لەنێو شەپۆلەکانی دەریادا جلوبەرگەکانیان نمایشکرد.