مونا یاقوو لەبارەی مەیخانە و سەنتەرەکانی مەساج لە عەینکاوە: جێگەی قبووڵ نییە

27-05-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
نیشانەکردن رۆژی هیوا جەمال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هۆشداریی لەبارەی دۆخی عەينکاوە لە هەولێر دەدات و دەڵێت، "زیادبوونی رەفتاری نا ئەخلاقی لە شەقامەکانی عەینکاوە جێگەی قبووڵ نییە" و باس لەوە دەکات، "مەیخانە و سەنتەری مەساج بردراونەتە نێو شوێنی نیشتەجێبوون بە شێوەیەک کە خەڵک لە ئاسایشی کچ و کوڕەکانیان دڵنیا نین". 
 
د. مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، کە هاوکات کریستیانی خەڵکی عەینکاوەی هەولێرە، لە پۆستێکدا کە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: "ئەو دۆخەی ئێستا عەینکاوەی تێدایە، جێگەی قبووڵکردن نییە و دەبێت هەنگاوی جیدی بنرێت، بۆ ئەوەی بابەتەکە بە شێوەیەک لە قاڵب بدرێت کە خزمەت بە خەڵکی عەینکاوە بکات".
 
مونا یاقوو، شەش خاڵی نووسیوە کە وەکو خۆی دەڵێت جێگەی نیگەرانین، لە خاڵی یەکەمدا دەڵێت، "رەفتارى نا ئەخلاقى لە شەقامەکانى عەینکاوە دا، لە دواى نیوە شەوەوە بڵاوبووەتەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام لە لایەن خەڵکی دەرەوەی قەزاکە".
 
سەرۆکی دەستی مافی مرۆڤ لە زیادبوونی ژمارەی هۆتێلەکان نیگەرانە و دەڵێت: "بە شێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو زیادبوون کە لەگەڵ قەبارەى قەزاکەدا ناگونجێت". 
 
مونا یاقوو پێی وایە، "ئەو زیادبوونی ژمارەی هۆتێلانە، سەرپێچییە لە رێنماییە بەرکارەکان، بە تایبەت هەندێکیان لەنێو کۆڵانی گەڕەکەکان دروستکراون و بەکاردەهێنرێن بۆ کاری نا ئەخلاقی".
 
دەنگی بەرزی شەوانی ئاهەنگەکان "خەڵکی نیگەران" کردووە و مونا یاقوو باس لەوە دەکات: "رێگری لە نەخۆش و خوێندکاران دەکات کە ژیانی ئاسایی خۆیان بژین".
 
لە خاڵێکی دیکەدا مونا یاقو روونیدەکاتەوە، "نەریتی خەڵکی عەینکاوە پیشێلکراوە، بەتایبەت لە لەبەرکردنی  جلوبەرگى ناشایستەى هەندێك لەوانەی سەردانى عەینکاوە دەکەن".
 
عەینکاوە یەکێکە لە قەزاکانی سنووری پارێزگەی هەولێر، زۆرینەی دانیشتووانی کریستیانن، بەهۆی جیاوازی نەریتییەوە، بەشێکی زۆری ئەو بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، لە عەینکاوە نیشتەجێ دەبن.
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ "بە شێوەیەکی نائاسایی مەیخانە، سەنتەری مەساج و یانە شەوانەکان براونەتە ناوچە نیشتەجێبوونەکان، بە شێوەیەک کە دانیشتووانی قەزاکە لە ئاسایشی کچ و کوڕەکانیان دڵنیا نین".
 
یەکێک لە کێشەکانی دانیشتووانی عەینکاوە، پرسی موڵکدارییە، پێشتر تەنیا کریستیانەکانی خەڵکی عەینکاوە، خاوەنی موڵکەکانی شارۆچکەکە بوون، بەڵام ئێستا بە گوتەی مونا یاقوو، "خاوەندارێتیی موڵك لەلایەن کەسانی غەیرە کریستیان زیادیکردووە، کە لە رێگەی فێڵى یاساییەوە دەکرێت".
 
مونا یاقوو دووپاتیدەکاتەوە "ئەو رەفتارانە جێگەی قبووڵکردن نین، دەبێت هەنگاوی جیدی بنرێت تاوەکو بابەتەکە بە شێوەیەک لە قاڵب درێت، خزمەتی خەڵکی عەینکاوە بکات". داواش دەکات "ریز لە سەروەریی یاسا بگیرێت و مۆڵەتیش بە هەموو پڕۆژەکان بدرێت، بەپێی مەرج و پێوەرە یاساییەکان". 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دکتۆر رەشاد میرانی و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی سەردانی زانای دیاری کورد رەشاد میران دەکات

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەردانی دکتۆر رەشاد میرانی کرد بەمەبەستی لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردنی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە.