رووداو دیجیتاڵ
دڵشاد نوعمان، هونەرمەند و نووسەری گەرمیانیی نیشتەجێی ئەڵمانیا و رزگاربووی ئەنفال، خەڵاتی هونەر و ئەدەبی ساڵی 2025ـی ویلایەتی بایرنی پێ بەخشرا.
خەڵاتەکە رێزلێنانە لە کارە ئەدەبییەکانی، بەتایبەتی کتێبەکەی بە زمانی ئەڵمانی بە ناوی (هیچ شوێنێک ماڵی من نییە).
دڵشاد نوعمان لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ـی رووداو رایگەیاند: "ئەم خەڵاتە بۆ من زۆر گەورەیە و ناتوانم وەسفی بکەم. من کە رۆژێکیش نەچوومەتە بەر خوێندنی فەرمی و بەهۆی ئەنفال و زوڵمی رژێمی بەعسەوە دواڕۆژمان رەش بوو، خۆم فێری خوێندن و نووسین کردووە. گەیشتنم بەم ئاستە بۆ من وەک ئۆسکارێک وایە".
سەبارەت بە کتێبەکەی، گوتی، "دەمەوێت لە رێگەی ئەدەبەوە نەهامەتی و چیرۆکی راستی میللەتی کورد و ئەنفال بۆ ئەڵمانەکان بگێڕمەوە، نەک تەنیا لە رێگەی هەواڵەکانەوە. دەمەوێت بچمە نێو قوڵایی ئەدەب و پێیان بڵێم ئێمە کێین و چ توانایەکمان هەیە. باوەڕم وایە وشەی راست لە تفەنگ بەهێزترە".
بە بڕوای ئەو، خەڵاتەکە دەیسەلمێنێت تاکی کورد لە هەر کوێیەک بێت، توانای خەباتی هەیە و دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ