رووداو دیجیتاڵ
کتێبی "ئەو سایەق شۆفڵەی بەشێک لە ئەنفالەکانی داپۆشی" کە لەلایەن عارف قوربانییەوە نووسراوە، لە 36ـەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، دەکرێتە فینلاندی و لە رێوڕەسمێکدا بڵاودەکرێتەوە.
کتێبەکە یەکەم دانپێدانانی بەشداربوویەکی تاوانی ئەنفالە بەناوی (عەبدولحەسەن موحان موراد) کە لە تۆپزاوا، دووز و حەمرین بەشداربووە لە کوشتنی ژن و منداڵ و گەنجە ئەنفالکراوەکان.
عارف قوربانی چاوپێکەوتنەکەی لە مانگی نیسانی ساڵی 2003 لەگەڵ عەبدولحەسەن موحان موراد ئەنجامداوە.
کتێبەکە بە زمانی کوردی نووسراوە و وەرگێڕدراوە بۆ زمانەکانی تورکی، فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی. کاری وەرگێڕانی بۆ زمانی فەرەنسیش تەواو بووە و بڕیار وایە بەم نزیکانە چاپ بکرێت.
عارف قوربانی لە کتێبەکەیدا لەبارەی ئەو کەسەوە نووسیویەتی "چووینە ئەو شوێنانەی کە 15 ساڵ لەمەوبەر لە شەوێکی مانگی ئابدا ئەم کابرا عەرەبە بە شۆفڵ برا و خوشکەکانمانی داپۆشیوە. دوای ئەوەی دەستنیشانی شوێنەکانی کرد، گەڕاینەوە و بۆ رۆژی دواتر بە حەفارەکەیەوە چووینەوە بۆ ئەو جێگە و شوێنانەی کە ئەنفالەکانی لێ داپۆشیبوو. خۆیمان خستە سەر حەفارەکە تاوەکو وێنەی بگرین کە چۆن کاتی خۆی چاڵی کردووە و دایپۆشیون. ئەوەی سەیربوو بەلامەوە ئەوەبوو کە ئەم کابرایە وەکو ئەوەی هیچ رووی نەدابێت زۆر بە ئاسایی چووە سەر حەفارەکە و دەستیکردەوە بە چاڵکردن کە من قەناعەتم وابوو نەتوانێ حەفارەکە لێ بخوڕێت و یەکە یەکە لاشەی ئەو ژن و منداڵانە بێنەوە بەرچاوی، هیچ نا گلەیی لێبکەن کە لاشەکانی شێواندبوون، بەڵام ئەو شعورەم لێ نەبینی."
رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بە زمانی فینلاندی لە کتێبخانەی گەڕەکی ئیتەکێسکوس لە هێلسنکی بەڕێوەدەچێت کە پاڤۆ ئارهینمەکی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی هێلسنکی و یوسسی سارامۆ، سەرۆکی گرووپی دۆستایەتیی گەلی کورد لە پەرلەمانی فینلاند ئامادەی دەبن.
کتێبەکە لەلایەن سۆران زەکییەوە بۆ فینلاندی وەرگێڕدراوە. سۆران دەڵێت، "ئەنفال و کیمیاباران و تاوانەکانی دیکەی بەرامبەر کورد کراون، یادگەلێکن کە بیرناچنەوە، برینێکن ساڕێژ نابن، ئەمەی ئێمەش کردوومانە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کارێک بکەین تاوەکو لەسەر ئاستی جیهان ئەو تاوانانە بناسرێن."
سۆران زەکی لە ساڵی 2021 کتێبێکی دیکەی لەبارەی ئەنفال وەرگێڕاوە بۆ زمانی فینلاندی کە بە هەمان شێوە کتێبی نووسەر عارف قوربانی بووە بەناوی "تەیموور."
جگە لە وەرگێڕانی کتێب، سۆران و هاوڕێکانی لە فینلاند چالاکیی دیکەیان هەبووە و واژۆیان کۆکردووەتەوە تاوەکو فینلاند تاوانی ئەنفال و کیمیاباران بە جینۆساید بناسێنێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە زۆر بەدەمیانەوە نەچوون. دەڵێت، ئەم کار و رێوڕەسمەش هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبێت.
ئەو دەڵێت، "ئامانجمە کۆمەڵگەی فینلاندی کورد بناسن، ئازارەکانیان و مێژووی کورد بزانن، بۆیە رووم لە کۆمەڵگەی فینلاندی بووە و کتێبە کوردییەکانم وەرگێڕاوە."
سۆران زەکی خۆی قوربانیی دەستی تاوانەکانی ئەنفال و بۆردوومانی رژێمی بەعسە لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە کەسوکاری لەو تاوانانەدا لەدەستداوە. لە سەرەتای ساڵانی 1990 وەکو پەناخواز دەچێتە فینلاند و ئێستا مامۆستای زمانی فینلاندییە.
لە تاوانی ئەنفالدا کە بە چەند قۆناخێکی جیاواز بوو، نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانی شەهیدبوون و نزیکەی پێنج هەزار گوند رووخێندران. قۆناخی گەرمیانی شاڵاوەکە لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەکو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە.
عارف قوربانی، نووسەر و چالاکڤانی بواری ئەنفالە و چەندین کتێب و بەرهەمی لەبارەی ئەنفالەوە هەن، بەشێک لە کتێبەکانی لەبارەی ئەنفال بۆ نۆ زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕدراون. (نێرگز، فەرەج و عوزێر، تەیمووری ئەنفال، رزگاربووانی ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان و ئەو سایەق شۆفڵەی بەشێک لە ئەنفالەکانی داپۆشی) بەشێکن لەو کتێبانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ