زنجیرەی 'Succession' زۆرترین خەڵاتی ئێمیی بەدەستهێنا

16-01-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئێمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەند 75مین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی بۆ ماوەی چوار مانگ دواخرا، بەڵام ئەمە لە جۆش و خرۆشی رێوڕسمەکەی کەم نەکردەوە و زنجیرەی 'Succession' پشکی شێری لە وەرگرتنی خەڵاتەکان بەرکەوت بە بردنەوەی شەش خەڵات. 
 
خەڵاتی باشترین زنجیرەی درامایی بەخشرایە 'Succession' و باشترین زنجیرەی کۆمێدیش بۆ 'The Bear' بوو.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی پیاو لە زنجیرە دراماییدا، بەخشرایە کێرن کۆلکن لە زنجیرەی 'Succession'، لە هەمان زنجیرەدا سارا سنووک، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی ژنی لە زنجیرە دراماییدا بەدەستهێنا.
 
دوو خەڵاتی دیکەی گرنگی رێوڕەسمەکە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە رۆڵی سەرەکیی زنجیرەی کۆمێدیدا بوو و بەخشرایە جێرمی ئالن وایت، لە زنجیرەی 'The Bear' و باشترین ئەکتەری ژن لە رۆڵی سەرەکی زنجیرەی کۆمێدیدا بەخشرایە کینتە برۆنسن، لە زنجیرەی 'Abbott Elementary'.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە رۆڵی لاوەکیدا لە زنجیرەی کۆمێدی بۆ ئالی وۆنگ بێچارچ بوو لە زنجیرەی 'The Bear' و باشترین ئەکتەری ژن لە رۆڵی لاوەکیی زنجیرەی کۆمێدیدا بۆ ئایئەو ئەدێبری بوو لە هەمان زنجیرەدا.
 
ماسیۆ مەکفادیەن، بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'Succession'، خەڵاتی ئەکتەری لاوەکی لە بەشی زنجیرەی دراماییدا بەدەستهێنا و جێنیفەر کولیدج بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'The White Lotus' خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە رۆڵی لاوەکیدا لە زنجیرەی داراماییدا بەدەستهێنا.
 
خەڵاتی باشترین زنجیرەی سنووردار بۆ زنجیرەی 'Beef' بوو، هەمان زنجیرە خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە زنجیرەی سنوورداردا لە رێگەی ئالی وۆنگ و باشترین ئەکتەری لە زنجیرەی سنووردار لە رێگەی ستیڤن یۆن بەدەستهێنا.
 
خەڵاتی باشترین نووسەر و دەرهێنەری زنجیرەی کۆمێدی بەخشرایە کریستۆڤەر ستۆر لە زنجیرەی 'Beef'، بەڵام بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا، نەیتوانی لە رێوڕەسمەکدا ئامادە بێت.
 
زنجیرەی 'Beef' توانی ئاهەنگێڕانەکە بۆ خۆی فراونتر بکات، کاتێک خەڵاتی باشترین دەرهێنەری زنجیرەی سنوورداری لە رێگەی لی سۆنگ جێن بەدەستهێنا.
 
بەرنامەی 'The Daily Show With Trevor Noah' خەڵاتی زنجیرەی گفتوگۆی تەلەڤزیۆنیی بەدەستهێنا.
 
خەڵاتی باشترین دەرهێنەری درامایی بۆ مارک مایلۆد دەرهێنەری زنجیرەی 'Succession' بوو و نووسەری زنجیرەکەش جەیسی ئارمسترۆنگ، خەڵاتی باشترین نووسەری زنجیرەی درامایی بەدەستهێنا.
 
هەر لە رێوڕسمەکەدا یادی ماسیۆ بێری، ئەکتەری کۆچکردوو و ئەکتەری سەرەکیی زنجیرەی 'Friends' کرایەوە و بەشێک لە ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە بە گوتنەوەی گۆرانیی 'See You Again' یادیان کردەوە.
 
75مین خەڵاتی ئێمی، بەربەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2024 لە شانۆی پیکۆک لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بەڕێوەچوو و 26 خەڵات لە 26 شەش بەشدا پێشکێشکران و رێوڕسمەکە لەلایەن ئەنتۆنی ئەندرسنەوە پێشکێشکرا.
 
خەڵاتەکە تایبەت بە زنجیرە و بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکانی ئەمریکایە کە لە نێوان حوزەیرانی 2022 تاوەکو 31ـی ئایاری 2023 بەرهەمهاتوون و لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و زانستە تەلەڤزیۆنییەکان هەڵبژێردراون.
 
لیستی بەربژێرکراون بۆ خەڵاتەکە لە 12ـی تەممووزی 2023 بڵاوکرایەوە و زنجیرەی 'Succession' بۆ زۆرترین خەڵات بەربژێرکرا کە 14 خەڵات بوو و توانی هەمان ژمارەی پێوانەیی لە بەربژێربوون تۆماربکاتەوە کە وەرزی رابردووی لە 2022 تۆماریکردبوو.
 
'Succession' یەکەم زنجیرەی تەلەڤزیۆنییە سێ ئەکتەری پیاوی لە رۆڵی سەرەکیدا بەربژێری خەڵاتی باشترین ئەکتەر بن لە زنجیرەیەکی دراماییدا.
 
'Succession' لە زنجیرە درامایی و کۆمێدییە رەشەکانە، لە دەرهێنانی جەیسی ئارمسترۆنگە، لە هەڵسەنگاندنی ماڵپەڕی ئای ئێم دی بی (8.9)ـی لە (10) بەدەستهێناوە، چوار وەرزی بڵاوکراوەتەوە و کۆی گشتیی ئەڵقەکانی 39 ئەڵقەیە.
 
یەکەم وەرزی زنجیرەکە لە 2018 لە تۆڕی ئێج بی ئۆ بڵاوکرایەوە و باس لە ماڵباتێک دەکات کە خاوەنی کۆمپانیاییەکی جیهانین لە بواری بەرهەمهێنانی میدیایی و کات بەسەربردندا، دوای ئەوەی خاوەنەکەی باری تەندروستیی تێک دەچێت، ئەندامانی خێزانەکە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە.
 
جێنا ئۆرتێگا، ئەکتەری ئەمریکی، دوای بەربژێربوونی بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی لە بەشی زنجیرە کۆمێدییەکاندا، بووە دووەم گەنجترین ئەکتەر لە مێژووی ئێمیدا بۆ ئەو خەڵاتە بەربژێر بکرێت.
 
کیڤۆن مۆنتریال، ئەکتەری ئەمریکی، بووە دووەم بچووکترین ئەکتەر لە رەگەزی نێر کە بەربژێری ئەو خەڵاتە بێت و دووەم ئەکتەری نابیست لە رەگەزی نێر بەربژێر بکرێت.
 
بەرهەمەکانی هەردوو تۆڕی 'ئێج بی ئۆ' و 'ئێج بی ئۆ ماکس' بۆ زۆرترین خەڵاتەکانی خولی ئەمساڵی ئێمی بەربژێربوون و ژمارەیان 127 بەربژێربوونە و ئەو دوو تۆڕە یەکەم دوو تۆڕن لە دوای کەناڵی 'ئێن بی سی' لە 1992 کە چوار بەرهەمیان لە بەشی زنجیرە دراماییەکاندا بەربژێری خەڵاتبن. 
 
بڕیاربوو رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی لە مانگی ئەیلوولی 2023 سازبکرێت، بەڵام مانگرتنی ئەکتەر و نووسەرانی ئەمریکا، رێکخەرانیی ناچار کرد چالاکییەکە بۆ 2024 دوابخەن، ئەو مانگرتنە کاریگەری لەسەر دواخستنی زۆربەی چالاکییە سینەمایی و هونەرییەکانی هەبوو.
 
خەڵاتی ئێمی، لە 1949 لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و زانستی تەلەڤزیۆنی لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دامەزراوە دامەزراوە، خەڵاتێکی ئەمریکییە بۆ بەرنامە و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان، سەرەتا تایبەت بوو بە بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکانی لۆس ئەنجلس، زیاتر لە 500 کۆمپانیا لە 50 وڵاتەوە تێیدا ئەندامن، هاوتای خەڵاتی ئۆسکارە بۆ بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان و خەڵاتەکە لە نیکڵ، مس، زیو و زێڕ دروست دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە