لە هەولێر پێشاندانی تایبەتی فیلمی 'نەدەم' بەڕێوەچوو

17-04-2025
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
دەرهێنەر رێگا بەرزنجی و بەکر خالید ئەکتەری سەرەکیی فیلم، لەگەڵ فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەولێر. وێنە: هەژار جەوهەر
دەرهێنەر رێگا بەرزنجی و بەکر خالید ئەکتەری سەرەکیی فیلم، لەگەڵ فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەولێر. وێنە: هەژار جەوهەر
نیشانەکردن نەدەم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێشاندانی تایبەتی فیلمی سینەمایی "نەدەم" لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەستێرەکانی سینەما و درامای عێراقی بەشداربووی سەرەکی فیلمەکەن و لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوون.
 
رێگا بەرزنجی نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکەیە و خەون و ئاواتی منداڵێکی عێراقی بۆ هونەر کردووەتە فیلم.
 
بەرزنجی بە رووداوی راگەیاند، دوای 20 ساڵ لە نەبوونی هیچ فیلمێکی سینەمایی عێراقی، توانی ببێتە یەکەم کەس فیلمێک بەرهەمبێنێت و ناویان لە فیلمەکە ناوە "هەستانەوەی سینەمای عێراقی". 
 
فیلمەکە چیرۆکی منداڵێکی عەرەبی عێراقی بەناوی نووڕ دەگێڕێتەوە، سەرەڕای رێگریی ماڵباتەکەی لەوەی بچێتە نێو دنیای هونەر، دواجار بەهۆی پێشبڕکێیەکی هونەرییەوە خەونەکەی بەدی دێنێت.
 
سارا ئاوس، رۆڵی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە دەگێڕێت و لەبارەی فیلمەکە و رۆڵەکەی دەڵێت: "فیلمەکە زۆر خۆشبوو، ئەکتەرەکانی زۆر باشبوون، زۆر دڵخۆشبووم بەوە. تا ئێستاش کاریگەرییەکەی لەسەرم ماوە، من هەروەک کە هیوا و ئاواتم زۆرن و کاری خۆم هەیە، ئەگەر هەموو جیهان دژم بن من لەسەر کاری خۆم بەردەوام دەبم". 
 
گوتیشی: "سیناریۆکە زۆر لە کەسایەتی من نزیکبوو و چیرۆک و نێوەڕۆکی فیلمەکە سەرنجی ئامادەبووانی راکێشا".
 
هونەرمەند هۆنیا کەمال بینەری فیلمی 'نەدەم' بوو و لەبارەیەوە گوتی، زۆر بە جوانی چیرۆکەکەیان خستەڕوو و لە کاتی بینینی فیلمەکە پێنج جار گریاوە، هەموو شتێکی زۆر جوان و نایاب بوو.
 
هەروەها زانا موحسین بینەری فیلمەکە بوو و گوتی، فیلمەکە لە رووی چیرۆکەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، چیرۆکێکی نوێیە و دووبارە نییە.
 
رەسوڵ عەزیز، بینەرێکی دیکەی فیلمەکە بوو و بۆ رووداو گوتی: لە هەموو ماڵێک "نووڕ"ـێک هەیە، رووناکییەک هەیە، نابێت ئەو رووناکییە بشاردرێتەوە.
 
فیلمەکە لە ژانری درامایی، خێزانی و سەرکێشییە، بەرهەمی کۆمپانیای "سی سی فیلم پڕۆ"یە، فیلمە بە 55 رۆژ بەرهەمهێنراوە، کاری وێنەگرتنی لە هەولێر و شەقڵاوە بۆ کراوە.
 
شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوو و بە رووداوی گوت: "ئێمە وەکو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایەتیی سینەما، پاڵپشتی ئەو گەنجانە دەکەین کە دەیانەوێت فیلم دروست بکەن، ئێمە تێنووی فیلمین، ئینجا ئەگەر فیلمەکە کوردی بێت، یان چیرۆکێکی کوردی بێت یا لە ناوچەکەی خۆمان بێت، ئەمەش یەکێک لەو فیلمانە بوو کە گەنجەکانی خۆمان دروستیان کردبوو، فیلمێکی جوان بوو و بابەتێکی کۆمەڵایەتی زۆر زۆر جوان بوو".  
 
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، فیلمی عێراقی "نەدەم" لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی عەرەبی پێشانبدرێت، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە