رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو روماڵی چالاکییەکانی دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا دەکات. مینا و عەلی، ئەو دوو هاوژینە ناسراوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە یەکێکیان فینلاندی و ئەوی دیکەیان عێراقییە، میوانی فێستیڤاڵەکەن و سەرنجی ئامادەبووانیان راکێشاوە.
مینا و عەلی، کە بە ڤیدیۆ کورتەکانیان لەبارەی ژیانی رۆژانە و "تەڵەکەبازییەکانیانەوە" ناوبانگیان دەرکردووە، لە فینلاندەوە هاتوونەتە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە.
عەلی کە بە عەلاوی ناسراوە و هاوژینی مینایە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو گوتی: "ئەم فێستیڤاڵە پەنجەمۆرێکی زۆر جوانی دەبێت بۆ عێراق و بۆ بەغدا. پەیامێک بۆ هەموو جیهان دەنێرێت کە بەغدا باشە و عێراق هێشتا باشە و لە ئامێزی هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێت".
مینا پێنجەمین جارە سەردانی عێراق دەکات و ئاشکرای کرد، لە رێگەی وەرزشی تایکواندۆوە لە فینلاند عەلی ناسیوە. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کامیان بەهێزترە، مینا بە پێکەنینەوە گوتی: "من".
ئەو خانمە فینلاندییە ئاماژەی بەوە کرد، حەزی لە شێوەزاری عێراقییە و جوانترین وشە بەلایەوە "تەڵەکەبازی"یە. لەبارەی مانای وشەکەوە بە پێکەنینەوە گوتی: "بۆ نموونە، هێما بۆ لای راست دادەگریت و بۆ لای چەپ دەڕۆیت" کە ئاماژە بوو بۆ شێوازی شۆفێری لە عێراق.
مینا دەڵێت، فێری دروستکردنی خواردنی عێراقی بووە وەک بامێ و فاسۆلیا، هەروەها باسی لەوەش کرد کە خەڵکی بەغدا زۆر باشن و لە شەقامەکاندا بە گەرمی پێشوازیی لێدەکەن و وێنەی لەگەڵ دەگرن.
عەلی کە خەڵکی ناسریەیە لە باشووری عێراق، لە 2015 چووەتە فینلاند. ئەو باسی لەوە کرد کە سەرەتا ژیان لەوێ بەهۆی جیاوازیی کەشوهەوا (-30 پلە) و زمانەوە قورس بووە، بەڵام ئێستا خۆی گونجاندووە و لەگەڵ مینا خاوەنی کۆمپانیایەکی بچووکی خزمەتگوزارین.
مینا جگە لەوەی زمانی عەرەبی بە باشی فێربووە، چەند وشەیەکی کوردیش فیربووە.
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری عێراقی کراوە، رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025 لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخرا و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ