روودا دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی کوردیی "زاڵاوا" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئەرسەلان ئەمیری لەم ماوەیەدا لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی فیلادێلفیا، هۆنگ کۆنگ، مەکسیک و ساو پاولۆ (بەرازیل) نمایشکراوە؛ هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی "زاڵاوا - Zalava" لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی ئەرسەلان ئەمیری، لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە رۆژانی 24 و 31ی ئۆکتۆبەری 2021 لە بەشی "ئاسۆی ئێران" لە 30مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فیلادێلفیا - Philadelphia" لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە ئەمریکا نمایشکرا.
ئەم بەرهەمە کوردییە لە بەرهەمهێنانی سەمیرا بەرادەری و روحوڵڵا بەرادەری-یە، هەروەها لە رۆژانی 28ی ئۆکتۆبەر و 6ی نۆڤەمبەری 2021 لە بەشی Crake لە 18یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "فیلمە ئاسیاییەکان" لە وڵاتی هۆنگ کۆنگ چووە سەر پەردە.
"زاڵاوا" لە نووسینی هاوبەشی ئایدا پەناهەندە، تەهمینە بەهرام و ئەرسەلان ئەمیری-یە، لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە یەکەمین نمایشی لە ئەمریکای لاتین لە بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان" لە 45ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ساو پاولۆ - São Paulo" لە وڵاتی بەرازیل نمایشکرا.
ئەم فێستیڤاڵە یەکێکە لە رووداوە سینەماییەکانی ئەمریکای لاتین، لە رۆژانی 21ی ئۆکتۆبەر تاوەکو 3ی نۆڤەمبەری 2021 لە شاری "ساو پاولۆ" لە وڵاتی بەرازیل بەڕێوەچوو.
فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد ئەرسەلان ئەمیری-یە، لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 14یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مۆربیدۆ - Morbido" گرینگترین فیستیڤاڵی فیلمە تۆقێنەرەکانی وەحشەت و فانتاسی (سەیر و سەمەرە) لە ئەمریکای لاتین نمایشکرا و بۆ بەدەستهێنانی "کەلەسەری نوقرەیی"، ئەم رووداوە سینەماییە لەگەڵ چەندین فیلم لە رکابەریدا بوو.
ئەم رووداوە سینەماییە بە مەبەستی ناساندنی بەرهەمە جیاوازەکانی سینەمایی ژانری دەگمەن لە سەرتاسەری جیهان، هەموو ساڵێک بە بەشداریی فیلمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە رۆژانی 28ی ئۆکتۆبەر تاوەکو 3ی نۆڤەمبەری 2021 لە شاری "مەکسیکۆ سیتی" لە وڵاتی مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
هێمای فەرهەنگی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مۆربیدۆ"، جەژنی مردووەکانی مەکسیکە کە تەندیسێکی کەلەسەریی نوقرەیی وەکو خەڵاتی فەرمیی ئەو رووداوە سینەماییە بە براوەکان پێشکێش دەکرێت.
"زاڵاوا" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک - Duhok نمایش دەکرێت. ئەم رووداوە سینەماییە لە چوارچێوەی فیلمە بڵندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێیی و دەرەوەی پێشبڕکێیی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سینەمای جیهان، بەشی پێشبڕکێی سینەمای کوردی، بەشی روانینێک بە سینەمای جیهان، بەشی پانۆڕامای سینەمای کوردی، بەشی نمایشی تایبەت و ... لە رۆژانی 15 تاوەکو 22ی نۆڤەمبەری 2021 لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک و هەروەها لە هۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی "مازی مۆڵ" لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.
ئەم فیلمە پاییزی ساڵی رابردوو لە گوندی شیانی شاری سنە و خوڕەمڕوود لە پارێزگای هەمەدان لە 49 رۆژدا بە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی محەمەد رەسوولی وێنەگیراوە و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران و کوردستان، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا رەحیمی سام، خاتوو هودا زەینولعابدین، باسیت رەزایی، شاهۆ رۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح رەحیمی و زاهید زەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردستان تیایدا رۆڵیان بینیوە.
"زاڵاوا" کە لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی دانیمارکی "لیولک - LevelK" لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، لە یەکەمین نمایشی جیهانیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "هەفتەی رەخنەگران - Critics' Week" لە 78ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤێنیز - Venice" لە شاری "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتالیا نمایشکرا و توانیی خەڵاتی "فیپڕشی - FIPRESCI" واتە "فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رەخنەگرانی سینەما" بە ناونیشانی باشترین فیلمی سێ بەشی "رۆژەکانی ڤێنیز" و هەروەها خەڵاتی گەورەی "هەفتەی رەخنەگران" بەدەستبهێنێت.
"زاڵاوا" کە بە پشتیوانی "فڕۆم فیلمی هۆنگ کۆنگ - HAF، مالی فیلمی کۆریای باشوور - KOFIC، بەشداریی رێکخراوەی سینەمایی فاڕابی-ی ئێران و هەروەها دانانی سەرمایەی کۆمپانیای سینەمایی "تووبا فیلم - Touba Film" بەرهەمهاتووە، هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی "شەپۆلی دوایی - Next Wave" لە هەژدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاستیک فێست - Fantastic Fest" لە ئەمریکا نمایشکرا و توانیی خەڵاتی ئەو رووداوە سینەماییە بەدەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ