لە عەممان پێشانگەیەکی شێوەکاری لەبارەی دۆخی غەززە کرایەوە

20-11-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن غەززە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە عەممانی ئوردن، پێشانگەیەک بۆ چوار شێوەکاری فەڵەستینی کرایەوە، ناوەڕۆکی لەبارەی دۆخی غەززە و هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر ئەو شارە.
 
پێشانگەکە بەناونیشانی "لە ژێر ئاگر"ـە، تێیدا چوار شێوەکارەکەی غەززە لەگەڵ هێرشی تووند بۆ سەر شارەکەیان، لە هونەرەکەیان بەردەوامبوونە و وێنەیان کێشاوە و بەرهەمەکانیان گەیاندووەتە میسر، دواتر 80 تابلۆ هەڵبژێردراون و بۆ ئوردن نێردراون.
 
محەممەد شەقدیح، بەڕێوەبەری پێشانگەکە و جێگری بەڕێوەبەری گەلەری "دارەت فنون" کە پێشانگەکەی تێدا کراوەتەوە، رایگەیاند، لەگەڵ ئەو دۆخە نامرۆڤانەی ئەو هونەرمەندانە تێیدا بوون، لە داهێنان بەردەوامبوون، بەتایبەتیش ئاوەرەبوونی زۆرەملێ، برسێتی و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەرستانەی لە وێنەکێشاندا بەکاریانهێناوە زۆر سەرەتایی بوونە و لە هەر شتێک لە بەردەستیان بووە، وێنەیان پێی کێشاوە.
 
لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 زیاتر لە هەزار و 200 کەسی سڤیل کوژران و 250 کەسیش رفێندران و تاوەکو ئێستا 100 لەو رفێندراوانە ئازاد نەکراون. هێرشی ئیسرائیل بەرامبەر بەو هێرشە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 43 هەزار و 800 فەڵەستنی کوژراون، زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
لە پێشانگەکەدا جگە لە تابلۆکان، نامەی شێوەکارەکانیش خراونەتەڕوو، تێیدا تیشکیان خستووەتە سەر دۆخی ژیان و دەروونیان. لە یەکێک لە نامەکاندا، شێوەکارێک باسی تێکدانی ماڵەکەی و ستۆدیۆی کارەکەی دەکات، تێیدا بەرهەمی هونەرییەکانی لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا پاراستبوو کە بەرهەمی هێنابوون.
 
پێشانگەکە لە نێوەڕاستی تشرینی یەکەمی 2024 کرایەوە و بڕیارە تاوەکو ئاداری 2025 بەردەوام بێت.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماتیۆ پێری، ئەکتەری ئەمریکی - کەنەدی

پزیشکێک بەهۆی مردنی ئەستێرەیەکی (Friends) زیندانیکرا و سێی دیکەش دادگەیی دەکرێن

پزیشکێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ماددەی 'کیتامین'ـی بۆ ماتیۆ پێری، ئەستێرەی زنجیرەی (Friends) دابینکردبوو، سزای 30 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا؛ بەمەش بووە یەکەم کەس لە دۆسییەی گیانلەدەستدانی ئەو ئەکتەرە سزا بدرێت.