نرخی ژیان لە غەززە بەقەد خۆراکە دزراوەکانە

30-07-2025
هیوا جەمال
دۆخی غەززە لە سێ خولەکدا
دۆخی غەززە لە سێ خولەکدا
نیشانەکردن غەززە
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

لە غەززە دەنگی تەقینەوە و برسێتی تێکەڵ بووە و بووەتە سروودی رۆژانەی مەرگ. ئێستا لە غەززە، ژیان لە چنگی پشێوی و برسێتیدایە، کێ دەتوانێت ئەو هاوارە دڵتەزێنە ببیستێت؟
 
یارمەتییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی سنووردار دەگەن، بەڵام زۆربەی ئەو یارمەتییانە ناگەنە دەست هەژاران و برسییەکان، بەڵکو دەبنە قوتی "رێگر و باندە چەکدارەکان. ئەم گرووپە چەکدارانە، هەندێکیان لەلایەن بازرگانانەوە پارەیان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی دەست بەسەر کاروانەکانی یارمەتیدا بگرن و خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک شیر و دایبی بە نرخێکی خەیاڵی لە بازاڕەکاندا بفرۆشنەوە.. لە غەززە، نرخی ژیان هێندەی نرخی کاڵا دزراوەکان بەهای هەیە.
 
حکومەتی حەماس، بەهۆی بەئامانجگرتنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە، بێدەسەڵاتە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاژاوەیە. ئەوەش وایکردووە، کۆنترۆڵی زۆرینەی بارهەڵگرەکانی یارمەتی بکەوێتە دەستی باندەچەکدارەکانی دەرەوەی حەماس. نووسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە غەززە دەڵێت، "داگیرکەری ئیسرائیلی بە ئاگاییەوە هەوڵ دەدات پشێوی بڵاو بکاتەوە و برسێتی دروست بکات." تەنانەت، وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین هۆشداری داوە لە "لکاندنی وردە وردەی" کەرتی غەززە بە ئیسرائیلەوە، وەک هەوڵێک بۆ "تێکدانی هەلی دامەزراندنی دەوڵەت و ئاوارەکردنی زۆرەملێ." ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دۆخەکە تەنیا کارەساتێکی مرۆیی نییە، بەڵکو پلانیشی لە پشتەوەیە.
 
لە غەززە، مردن بەهۆی برسێتییەوە چیدیکە تەنیا مردن نییە، بەڵکو کوشتنە. ئەحمەد مەغریبی، دانیشتووی غەززە، دەڵێت، "نازانین چی بکەین، دز و چەتەکان خواردن و پارەمان کۆنترۆڵ دەکەن، بۆیە کۆچکردن باشترین چارەسەرە." ئەو دۆخە ترسناکە، ژیانی خەڵکی بە تەواوی لە گۆڕ ناوە. هەر تاکێکی غەززە، چیرۆکێکی پڕ ئازاری هەیە کە لە نێوان برسێتی و مەرگدا دەژین.
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دانیشتووانی غەززە هەردوکیان تەکەز دەخەنە سەر ئەوەی، بەبێ رێککەوتنێکی ئاگربەست، هیچ رێگەیەک نییە بۆ پاراستنی یارمەتییەکان و گەیاندنیان بە دەستی خەڵکی شایستە.
 
ئەمە کاژێری کۆتاییە. غەززە پێویستی بە ژیانەوەیەکی بەپەلە هەیە، پێویستی بە دەستێوەردانێکی مرۆیی راستەقینە هەیە. کات مرۆڤەکان دەکوژێت، جیهان دەبێت چی دیکە بێدەنگ نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە