رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵەبجە نمایشکردنی شانۆیی (شەوێکی لەبیرنەکراو) بەردەوامە، کە باس لە رووبەڕووبوونەوەی ژنێکی شۆڕشگێڕ لەگەڵ رابردووی خۆی دەکات. نمایشەکە لەلایەن خەڵات نەوزادەوە کاری دەرهێنان و داڕشتنەوەی بۆ کراوە.
نمایشەکە لە 1ـی تشرینی دووەمی 2025 لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. لەم بەرهەمەدا زریان حەکیم، کاوات هادی، سەربەست میرزا و سۆزیار حەمید رۆڵ دەگێڕن.
زریان حەکیم، ئەکتەری سەرەکیی شانۆییەکە، بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە راگەیاند: "ماوەی 73 رۆژە لە پرۆڤەداین. دەقەکە دەقێکی دەروونی، ریالیتی و سیاسیی ئەمڕۆیە. ئێمە هەوڵمانداوە زیاتر زیندووتر بێت و هەستپێکراوتر بێت بۆ تاکی کورد".
ئەو ئەکتەرە باسی لەوەش کرد، پێشوازییەکی باش لە کارەکەیان کراوە، گوتیشی: "هەر کەسێک بینەری شانۆییەکە بووبێت، هەستمان کردووە چێژێکی باشی لێ بینیوە و بە دڵی بووە".
لەبارەی کێشەی نەبوونی هۆڵی شانۆ لە هەڵەبجە، زریان حەکیم گوتی: "بوونی هۆڵێک داواکاریی بەردەوامی چەندین ساڵەی شانۆکاران و هونەرمەندانی شاری هەڵەبجەیە. هەرچەندە هۆڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان رەنگە زۆر گونجاو نەبێت، بەڵام ئێمە تاوەکو راددەیەکی باش توانیومانە لەگەڵیدا بگونجێین".
خەڵات نەوزاد، دەرهێنەری بەرهەمەکە؛ پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، نمایشەکە لە دەقێکی جیهانییەوە وەرگیراوە و باس لە ژیانی ژنێکی شۆڕشگێڕ دەکات کە رووبەڕووی رابردووی دەبێتەوە و دەیەوێت خۆی بەرەنگاری ئەو کەسانە ببێتەوە کە پێشتر لە زینداندا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە.
دەرهێنەری شانۆییەکە دەڵێت: "دەقەکە بۆ هەر نەتەوەیەک دەگونجێت کە دژی دیکتاتۆرێک شۆڕشی کردبێت. بێگومان گەلی کوردیش بەدرێژایی مێژوو بەردەوام خەباتی لە دژی ئەو سیستەمانە کردووە کە ویستوویانە دیکتاتۆریەت بسەپێنن. خۆشبەختانە ئەو شۆڕشە هی هەموو تاکێکی کوردە".
شانۆییەکە لە دەقی (مردن و پاکیزە)ـی نووسەر ئێریەڵ دۆرفمەنە و لە وەرگێڕانی فارووق هۆمەر، بەڵام دەستکاری کراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی کوردی دا بگونجێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ