رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای مانگی داهاتوو، لە هەڵەبجە، شانۆیی (شەوێکی لەبیرنەکراو) نمایش دەکرێت، خەڵات نەوزاد داڕشتنەوە و دەرهێنانی بۆ کردووە و باس لە رووبەڕووبوونەوەی ژنێکی شۆڕشگێڕ دەکات لەگەڵ رابردوویەکی پڕ لە نهێنی.
خەڵات نەوزاد، دەرهێنەری بەرهەمە شانۆییەکە، بە رووداوی راگەیاند: "نمایشەکە لە دەقێکی جیهانییەوە وەرگیراوە و باس لە ژیانی ژنێکی شۆڕشگێڕ دەکات کە رووبەڕووی رابردووی دەبێتەوە و دەیەوێت خۆی بەرەنگاری ئەو کەسانە ببێتەوە کە پێشتر لە زینداندا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە".
گوتیشی: "دەقەکە بۆ هەر نەتەوەیەک دەگونجێت کە دژی دیکتاتۆرێک شۆڕشی کردبێت. بێگومان گەلی کوردیش بەدرێژایی مێژوو بەردەوام خەباتی لە دژی ئەو سیستەمانە کردووە کە ویستوویانە دیکتاتۆریەت بسەپێنن و ئەم گەلە ژێردەستە بکەن. خۆشبەختانە ئەو شۆڕشە هی هەموو تاکێکی کوردە، بە پیاو، ژن، گەنج و منداڵەوە".
ئەم بەرهەمە لە دەقی شانۆیی (مردن و پاکیزە) لە نووسینی ئێریەڵ دۆرفمەن و وەرگێڕانی فارووق هۆمەر، بنیادنراوە و بە گوتەی دەرهێنەرەکەی چوار مانگ ئامادەکاری بۆ کراوە.
لە بەرهەمە شانۆییەکەدا، زریان حەکیم، کاوات هادی، سەربەست میرزا و سۆزیار حەمید رۆڵ دەگێڕن.
(شەوێکی لەبیرنەکراو) لە 1ـی تشرینی دووەمی 2025 و رۆژانی دواتر، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە نمایش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ