فیلمە نوێیەکان شکستیان هێنا و 'Superman' لە لووتکەی بۆکس ئۆفیسدا مایەوە

21-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن Superman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "Superman"ـی دەرهێنەر جەیمس گەن، لە دووەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور پێشەنگیی خۆی پاراست و 57.3 ملیۆن دۆلار بەدەستهێنا.
 
بەپێی خەمڵاندنی ستۆدیۆکان کە رۆژی یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025 بڵاوکرایەوە، فیلمە نوێیەکانی ئەم هەفتەیە "I Know What You Did Last Summer"، "Smurfs" و "Eddington"، نەیانتوانی رکابەریی "Superman" بکەن کە داهاتی بە رێژەی 54% بەراورد بە هەفتەی یەکەمی دابەزیوە.
 
داهاتی بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Superman" لە ماوەی دوو هەفتەدا، لە سەرانسەری جیهاندا 406.8 ملیۆن دۆلارە. هەفتەی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی گەورە چاوەڕێی دەکات، کاتێک کۆمپانیای دیزنی فیلمی  "The Fantastic Four: First Steps"ـی مارڤڵ لە سینەماکان پێشاندەدرێت.
 
فیلمی  "Jurassic World: Rebirth"ـی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ پیکچەرز لە سێیەم هەفتەی پێشاندانی بە کۆکردنەوەی 23.4 ملیۆن دۆلار پلەی دووەمی گرت. حەوتەمین فیلمی زنجیرەی "Jurassic" کە سکارلێت جۆهانسن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، سەرەڕای رکابەریی "Superman"، پێگەی خۆی پاراستووە؛ کۆی داهاتی جیهانیی گەیشتووەتە 648 ملیۆن دۆلار.
 

هەردوو فیلمە نوێی "I Know What You Did Last Summer"ـی کۆمپانیای سۆنی و "Smurfs"ـی پاراماونت، لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە؛ شکستیان هێنا.
 

فیلمی ترسناکی "I Know What You Did Last Summer" داهاتی یەکەم هەفتەی 13 ملیۆن دۆلارە، هەرچەندە ئەمە ئەنجامێکی خراپ نییە بۆ فیلمێک کە تێچووەکەی تەنیا 18 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بۆ زنجیرە فیلمێکی ناسراو، دەستپێکێکی باش نییە.
 
فیلمی ئەنیمەیشنی "Smurfs" کە تێچووی بەرهەمهێنانی 58 ملیۆن دۆلارە، لە پلەی چوارەمدا هات و تەنیا 11 ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکای باکوور کۆکردەوە. ئەم فیلمە بۆ قازانجکردن، ئێستا پشتی بە بازاڕەکانی دەرەوە بەستووە.
 

سەرەڕای ئەم شکستانە، هۆڵیوود بە گشتی هاوینێکی زۆر باش بەڕێدەکات. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کۆمسکۆر، داهاتی بۆکس ئۆفیسی هاوینی ئەمساڵ بە رێژەی 15.9% لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیاترە، کۆی داهات لە ئەمریکای باکوور گەیشتووەتە نزیکەی 2.6 ملیار دۆلار.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە