سوپەرمان بەهێزتر لە جاران گەڕایەوە و داهاتی پێشبینیکراوی تێپەڕاند

14-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن Superman سوپەرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی نوێی "Superman" دەستپێکێکی گەورەی لە هۆڵەکانی سینەمای ئەمریکا و کەنەدا تۆمارکرد و لە ماوەی پشووی کۆتایی هەفتەدا توانیی 122 ملیۆن دۆلار داهات کۆبکاتەوە. ئەمەش بە دەستپێکێکی بەهێز بۆ فیلمەکە هەژمار دەکرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وارنەر برازەرز کە بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە، جگە لەو داهاتە، لە بازاڕە جیهانییەکانیشدا 95 ملیۆن دۆلاری دیکەی بەدەستهێناوە، بەمەش کۆی گشتیی داهاتەکەی تاوەکو رۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە 217 ملیۆن دۆلار.
 
فیلمی "سوپەرمان" زیندووکردنەوەی ئەو زنجیرە فیلمەیە کە چیرۆکی پاڵەوانە ناسراوەکە دەگێڕێتەوە، بۆ یەکەمجار لە 1938 لە چیرۆکە وێنەییەکاندا (کۆمیک) دەرکەوت. پێشوازیی گەرمی جەماوەر لە فیلمەکە، بە ئاماژەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ داهاتووی وارنەر برازەرز و ستۆدیۆکانی دی سی سەر بەو کۆمپانیایە.
 
فیلمە نوێیەکەی "سوپەرمان" لە نووسین و دەرهێنانی جەیمس گەنە، کە بە دەرهێنانی سێ فیلمی سەرکەوتووی زنجیرەی "Guardians of the Galaxy" ناسراوە. گەن لە 2022، شانبەشانی بەرهەمهێنەر پیتەر سافران، وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هاوبەشی ستۆدیۆکانی دی سی دەستنیشانکرا و وەک ئەو پاڵەوانە ناسێندراوە کە دەتوانێت سەرکەوتنی بەردەوام بۆ پڕۆژە سینەمایی و تەلەڤیزیۆنییەکانی کۆمپانیاکە مسۆگەر بکات.
 
کارەکتەری سوپەرمان، یەکێکە لە ناسراوترین و کاریگەرترین پاڵەوانە خەیاڵییەکان. ئەو لە هەسارەی کریپتۆنەوە رەوانەی زەوی کراوە پێش ئەوەی هەسارەکەیان لەناوبچێت.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە