رووداو دیجیتاڵ
داهاتی فیلمی نوێی "Superman" لە دەرهێنانی جەیمس گەن، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دوو هێندەی تێچووەکەیەتی.
پێشاندانی فیلمەکە لە 11ـی تەممووزی 2025 لە سینەماکانی جیهاندا دەستیپێکرد، داهاتی لە ئاستی جیهاندا گەیشتووەتە 559 ملیۆن دۆلا، لەکاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی 225 ملیۆن دۆلارە، واتە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا زیاتر لە دوو هێندەی تێچووی خۆی قازانجی کردووە.
فیلمەکە تەنیا لە رووی داهاتووە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو لەلایەن رەخنەگرانیشە پێشوازی لێکراوە و وەک یەکێک لە باشترین فیلمەکانی سوپەرمان ستایش دەکرێت، هەروەها بە سەرەتایەکی هیوابەخش بۆ جیهانی نوێی "دی سی" هەژمار دەکرێت.
چیرۆکی فیلمەکە باس لەوە دەکات کە سوپەرمان رووبەڕووی گومان و پرسیاری جەماوەر دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تووشی چەندین ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێت. دوژمنە سەرسەختەکەی، لوسەر، ئەم دۆخە دەقۆزێتەوە. بۆ گۆڕینی رێڕەوی رووداوەکان، سوپەرمان پێویستی بە یارمەتیی رۆژنامەڤانێک و سەگەکەی دەبێت.
فیلمی "Superman" زیندووکردنەوەی ئەو زنجیرە فیلمەیە کە چیرۆکی پاڵەوانە ناسراوەکە دەگێڕێتەوە، بۆ یەکەمجار لە 1938 لە چیرۆکە وێنەییەکاندا دەرکەوت. پێشوازیی گەرمی جەماوەر لە فیلمەکە، بە ئاماژەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ داهاتووی وارنەر برازەرز و ستۆدیۆکانی "دی سی" سەر بەو کۆمپانیایە.
فیلمە نوێیەکەی "Superman" لە نووسین و دەرهێنانی جەیمس گەنە، کە بە دەرهێنانی سێ فیلمی سەرکەوتووی زنجیرەی "Guardians of the Galaxy" ناسراوە. گەن لە 2022، شانبەشانی بەرهەمهێنەر پیتەر سافران، وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هاوبەشی ستۆدیۆکانی دی سی دەستنیشانکرا و وەک ئەو پاڵەوانە ناسێندراوە کە دەتوانێت سەرکەوتنی بەردەوام بۆ پڕۆژە سینەمایی و تەلەڤیزیۆنییەکانی کۆمپانیاکە مسۆگەر بکات.
کارەکتەری سوپەرمان، یەکێکە لە ناسراوترین و کاریگەرترین پاڵەوانە خەیاڵییەکان. ئەو لە هەسارەی کریپتۆنەوە رەوانەی زەوی کراوە؛ پێش ئەوەی هەسارەکەیان لەناوبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ