'مەرگی هۆنراوە سپییەکان' گێڕانەوەی چیرۆکی جەستە سووتاو و شکۆمەندییە نەکوژاوەکەی کچانی شیناوێیە

21-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنێک لە بەڵگەفیلمی  "مەرگی هۆنراوە سپییەکان"
دیمەنێک لە بەڵگەفیلمی "مەرگی هۆنراوە سپییەکان"
نیشانەکردن مەرگی هۆنراوە سپییەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک بەسەر ئەو ئاگرەدا کە خەون و جەستەی کچانی قوتابیی لە گوندی شیناوێی پیرانشار پێچایەوە، نەجات مەولوودی، دەرهێنەری کورد، لە بەڵگەفیلمێکی نوێدا بە ناوی "مەرگی هۆنراوە سپییەکان"، زام و هاواری ئەو کچانە دەکاتە چیرۆکێکی زیندوو.
 
لە 2012، قوتابخانەی کچانەی گوندی شیناوێی ئاگری گرت و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو قوتابی و برینداربوونی 26ی دیکە. برینی بەشێکی زۆریان هێندە قووڵ بوو کە تا ئەمڕۆش ئاسەواری سووتان بە جەستەیانەوە دیارە و چیرۆکێکی تاڵی لەبیرنەکراویان هەیە.
 
نەجات مەولوودی، دەرهێنەری فیلمەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکە لە 2020 لە پیرانشار، شنۆ، ورمێ، مهاباد و تاران وێنەگیراوە، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە کەرەستە و دیمەنە تۆمارکراوەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە و کارەکانی دواکەوتوون.
 
دەرهێنەر پەیامی فیلمەکەی بەم شێوەیە پوخت دەکاتەوە، فیلمەکە هاوارێکە دژ بە لەبیرکردن و قەرەبووکردنەوەی قەرزێکە بۆ کچانێک کە دەنگیان سانسۆر کرا، جەستەیان سووتا، بەڵام شکۆمەندییان نەکوژایەوە.
 
بەڵگەفیلمەکە تەنیا گێڕانەوەی رووداوێک نییە، بەڵکو بیرخستنەوەی کارەساتێکە کە کاریگەری لەسەر جەستە و دەروونی ئەو كچانە دروستکردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە